لەبارەی زەوییەكانی سەر 100 مەتریی سلێمانی پرۆژەیەك ئامادەكراوە

ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، بۆ ڕێگریکردن لە پێدانی پڕۆژە لەسەر شەقامی 100 مەتری، پرۆژەیەكیان ئامادەکردووە تا ئەوکاتەی ماستەر پلانێکی شایستە لەلایەن حکومەتەوە دروستدەکرێت و سەوزایی و خزمەتگوزارییەکان جێگیردەکرێن.

عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری كوردستان لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك بڵاویكردووەتەوە، ماوەیەکی زۆرە بەدواداچوون دەکەن بۆ دۆسیەی زەوی لە سلێمانی، بۆئەو مەبەستەش ئەمڕۆ لەگەڵ سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی کۆبووەتەوە.

پەرلەمانتارەكە دەڵێت، “گەندەڵیی گەورە لە زەویی ئەو گوندانەی ھاتوونەتە نێو سنووری شارەوانی هەیە و سەدان مەخزەنیش بەبێ مۆڵەت و 18 پرۆژەی مەخزەن بە مۆڵەتی وەبەرھێنان دروستكراوە و دواتر بە گران فرۆشراونەتەوە”.

بەوتەی عەلی حەمەساڵح، مەخزەنێک بە 50 ھەزار دۆلار دروستكراون و دواتر بە 400 ھەزار دۆلار فرۆشراونەتەوە، هەربۆیە دەڵێت، “پڕۆژەیەکمان ئامادەکردووە کە حکومەت خۆی ئەو كارە بکات، بەوەش نزیکەی 200 ملیۆن دۆلار داھاتی بۆ شارەوانیی سلێمانی دەبێت”.

عەلی حەمەساڵح باس لە مامەڵەی ماوەی ڕابردوو دەكات لەگەڵ زەوییەكان، نووسیویەتی، “داگیرکردن و ھەڵسوکەتپێکردن و تەخاشان و پەخشانکردن و فرۆشتنی نزیکەی 45 ھەزار پارچە زەویی نایاسایی لەلایەن دژەتیرۆر بەناوی فەرماندەیی پێشمەرگە كراوە و بەڕێوەبەری ناحیە و چەند بەرپرسێکی دیکەش تێوەگلاون لەو پرسەدا، ئەوەش قەلەقی و گرفتی بۆ ھەزاران ھاوڵاتی دروستکردووە کە کڕیویانە”.

بابەتی پێشتر

ئۆپیك پڵەس سیاسه‌تی نه‌وتى بۆ داهاتوو ئاشكراكرد

بابەتی دواتر

ئێران: لە پرسی ئەتۆمیدا بایدن لەسەر هەمان هێڵی ترەمپە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share