بافڵ تاڵەبانی لە كۆبوونەوەیەكیدا لەگەڵ مەڵبەندی حزبەكەی لە سلێمانی ڕایگەیاند، سلێمانی سەنتەری گۆڕانکاری و خزمەتکردن و گەیاندنی دەستی ئاوەدانی زیاتر دەبێت، وتیشی، “نوێنەرەکانیشمان لە حکومەتی خۆجێیی ڕاسپاردووە بە گڕوتینێکی نوێوە خزمەتبکەن”.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 22ی تشرینی یەكەم، بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بارەگای مەکتەبی سیاسی حزبەكەی لەگەڵ مەڵبەندی سلێمانیی یەكێتی کۆبووەوە لە کۆبوونەوەکەدا لەبارەی سیاسەتی نوێی یەکێتی بۆ کاری ڕێکخراوەیی و پێداچوونەوە بەکۆی جومگەکان و ئاڕاستە سیاسی و خزمەتگوزارییەکان جەختی لە سیاسەتێکی نوێ کردووەتەوە “بۆ بەڕێوەبردن و گەشەپێدانی ئۆرگانەکان و خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵک”.
بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشكردووە، “سلێمانی سەنتەری گۆڕانکاری و خزمەتکردن و گەیاندنی دەستی ئاوەدانیی زیاتر دەبێت و نوێنەرەکانیشمان لە حکومەتی خۆجێیی ڕاسپاردووە بە گڕوتینێکی نوێوە خزمەتبکەن و کەمتەرخەمی لەھیچ کەسێک لەبەرامبەر خزمەتکردنی سلێمانی قبوڵناکرێت”.
هاوسەرۆكی یەكێتی ڕاشیگەیاندووە، “لەمەودواش سیاسەتی پاداشت و سزا پەیڕەو دەکەین و کەسی شیاو و سەرکەوتوو دەھێنینە پێشەوە”.