ماكرۆن: بەردەوام دەبین لەهاوكاریكردنی هەرێمی كوردستان

سەرۆک كۆماری فەڕەنسا ڕایگەیاند، لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق قسەی كردووە تاوەكو هەوڵی ڕاگرتنی هێرشەكانی توركیا بۆسەر شەنگال بدات، دەشڵێت، فەڕەنسا بەردەوام دەبێت لە هاوكاریكردنی هەرێم.

دوای كۆتاییهاتنی كۆبوونەوەی نێوانیان ئیمانوێل ماکرۆن، و نێچیرڤان بارزانی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا باسی چەند پرسێكیان كرد.

لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەكرد، “بەناوی گەلی کوردستانەوە بەخێرهاتنی سەرۆک ماکرۆن دەکەین و سەردانەکەشی ڕەنگدانەوەی پەیوەندییە مێژوییەکانی نێوان گەلی کورد و فەڕەنسایە”.

وتیشی، لەکۆبوونەوەكەدا لەگەڵ سەرۆکی فەڕەنسا کۆمەڵێک پرسیان تاوتوێکردووە و باسیان لەپەرەپێدانی کاری بەیەکەوەیی و هاوبەشی نێوان هەرێم و پاریس کردووە لەسەرجەم بوارەكاندا.

باسی لەوەشكرد، “سوپاسی دەستپێشخەرییەکەی ساڵی 2017ی سەرۆکی فەڕەنسا دەکەین بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ لەنێوان هەولێر و بەغداد، هەروەها سوپاسی پشتیوانییە بەردەوامەکانی ئیمانیۆل ماکرۆن دەکەین”.

سەرۆكی هەرێم ڕاشیگەیاند، “چاومان لە پشتیوانی فەڕەنسایە”.

هاوكات ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەڕەنسا لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا وتی، “ده‌زانم گه‌له‌كه‌تان ڕوبه‌ڕوی جه‌نگ و تیرۆر بووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ئێمه‌ له‌گه‌ڵتان ده‌بین و دڵنیاتان ده‌كه‌ینه‌وه‌، كه‌ پشتیوانی ئێوه‌ ده‌بین”.

ئاشكراشیكرد، “له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق قسه‌م كردووه‌، كه‌ كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بكات، بۆردومانه‌كانی توركیا ڕابگیرێت و ئاواره‌كانیش بگه‌ڕێنه‌وه‌ شوێنه‌كانی خۆیان، به‌ تایبه‌تی ئێزدییه‌كان، كە ئێستا زۆربه‌یان له‌ هه‌ولێر و دهۆك ده‌ژین”.

ماكرۆن جەختی لەوەشكردەوە، وڵاتەكەی بەردەوام دەبێت لەهاوكاریكردنی هەرێم و لە ڕۆژانی داهاتووش هاوكاری نەخۆشخانەی چەكی كیمایی هەڵەبجە دەكەن.

ڕوونیشیكردەوە، لەگەڵ سەقامگیری ناوچەكەدان.

بابەتی پێشتر

حکومەتی هەرێم کۆمەڵێک بڕیاری لەبارەی نرخی نان و نانەواخانەکانەوە دەرکرد

بابەتی دواتر

(ڤیدیۆ) بەرشلۆنە بردنەوەی بەرامبەر خیتافی تۆمارکرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share