ماکرۆن: لوتکەی بەغداد بۆ سەقامگیریی ناوچەکە گرنگیی زۆری هەیە

ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆککۆماری فەرەنسا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە گەیشتە بەغداد بەمەبەستی بەشداریکردن لە لوتکەی وڵاتانی دراوسێی عێراق.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، کازمی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغداد پێشوازیی لە ماکرۆن کردووە، بۆ بەشداریکردنی لە کۆنگرەی هاوکاری و هاوبەشیی وڵاتانی دراوسێی عێراق.

ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆککۆماری فەرەنسا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، کۆنگرەی لوتکەی وڵاتانی دراوسێی عێراق گرنگییەکی بنەڕەتیی هەیە بۆ سەقامگیریی ناوچەکە و سەرکەوتنی ڕاستەقینەی عێراق.

ماکرۆن وتی، “سەردانەکانی نێوان فەرەنسا و عێراق بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵاتە”، جەختیکردەوە لە پابەندبوونی فەرەنسا بە پاڵپشتیکردنی عێراق.

ماکرۆن ئاشكراشیكرد، پاریس بودجەی تایبەت بە سەقامگیریی ناوچە ئازادکراوەکان دابیندەکات و هانی عێراقیش دەدات بۆ پاڵپشتیکردنی ئاوارەکان.

بڕیارە ماکرۆن سەردانی هەرێمی کوردستانیش بکات و بەوهۆیەوە ئامادەکارییەکان لە هەولێر بۆ پێشوازیكردن ماکرۆن ڕێکخراون، هەروەها سەرۆکی فەرەنسا سەردانی شاری موسڵیش دەکات.

کۆنگرەی لوتکەی وڵاتانی دراوسێی عێراق ئەمڕۆ شەممە دەستپێدەکات و بۆ ئەو مەبەستەش ڕێکاری ئەمنیی توند لە بەغداد گیراوەتەبەر و هێزە ئەمنییەکان خراونەتە ئامادەباشییەوە.

بابەتی پێشتر

تاڵیبان دەڵێت بەشێک لە فڕۆکەخانەی کابولمان کۆنترۆڵکردووە و پنتاگۆن ڕەتیدەکاتەوە

بابەتی دواتر

هەندێكیان یەكلانەبوونەتەوە.. ناوی ئەو سەركردانەی بەشداریی لوتكەی بەغداد دەكەن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share