پارێزگاری بانكی ناوەندی: نرخی دۆلار دانابەزێت و ئەوكارە بەئێمە ناكرێت

لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەران، پارێزگاری بانكی ناوەندی ڕایگەیاندووە، نرخی دۆلار دانابەزێت و ئەوكارەش تەنها بە ئەوان ناكرێت، وەك ئەوەی پەرلەمانتارێك ئاشكرایكردووە.

ئەمڕۆ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەسەرپەرشتی حاکم زاملی، جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و ئامادەبوونی مستەفا غالب، پارێزگاری بانکی ناوەندی دەربارەی نرخی دۆلار و مەزادی ئاشکرای دۆلار و بردنەدەرەوە و سپیکردنەوەی پارە کۆبوونەوەیەک ئەنجامدرا.

سۆران عومەر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران ڕایگەیاند، دوای ئەوەی وەزیری دارایی لەنامەیەکیدا بۆ کۆبوونەوەکە نەھاتنی خۆی ڕاگەیاند، بەشی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەران سکاڵای لەسەری تۆمارکرد و قەدەغەی سەفەریان خستەسەری و بڕیارە لەسەر چەند دۆسیەیەك بانگێشتی لێپێچینەوە بكرێت.

وتیشی، پارێزگاری بانكی ناوەندی وتوویەتی كە “یەكەم كەس بووە” دژی زیادكردنی نرخی دۆلار بووە، بەڵام “وەزیری دارایی داوایکرد نرخی دۆلار زیادبکەین، چونکە داھات دابەزیوە، نرخی نەوت لە 25-30 دۆلار بوو، موچە 45 ڕۆژ دوادەکەوت، خۆپیشاندان زیادیدەکرد بەناچاری ئەوەمان کرد”.

پارێزگاری بانكی ناوەندی ئەوەشی وتووە، “نرخی دۆلار دانابەزێ و ئەوکارەش تەنھا بەئێمە ناکرێ، زۆر گرفت پێوەی پەیوەستە با چارەسەری گرفتەکان بکرێت”.

سەبارەت بەو گرفتانەش چەند نمونەیەكی هێناوەتەوە لەوانە، جگە لە داھاتی نەوتی، لە سیستمی گومرگی و باج دا کۆکردنەوەی داھات گرفتی زۆر و بەھەدەردانی تیایە.

هەروەها، “ڕاستە ئێستا بەرزبوونەوەی دۆلار داھاتی زیادکردوە، بەڵام زیانی بەژیانی خەڵک گەیاندووە، ئارد و ھەموو شتێك گران بووە، ھۆکارێکی نەبوونی چاودێریی حکومەتە لەسەر بازاڕ” ئەوەشی وتووە، “نرخی دۆلار 23% زیادیكردووە، بەڵام زەیتێک بە 750 دینار بووە ئێستا بە سێ ھەزار دینارە” وەك ئەوەی سۆران عومەر لە زاری پارێزگاری بانكی ناوەندی بڵاویكردووەتەوە.

ئاشكراشیكردووە، لەسەر سپیكردنەوەی پارە 16 بانك و 73 كۆمپانیایان داوەتە دادگا و سزادراون.

بابەتی پێشتر

ڕیاڵ مەدرید لەگەڵ هالاند ڕێککەوتووە

بابەتی دواتر

له‌سه‌ر هێرشكردنه‌ سه‌ر ماڵى حەلبووسی كه‌سێك ده‌ستگیركرا ‏

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share