لوتکەی بەغداد بۆ وڵاتانی دراوسێی عێراق سبەینێ شەممە دەستپێدەکات، کۆنگرەکە ڕۆڵی عێراق لە ناوچەکە دەردەخات شارەزایان گرنگییەکەی بۆ گەشەپێدانی پەیوەندیی ئابوری و بازرگانی و کردنەوەی دەرگاکانی هاوکاری بۆ عێراق دەگێڕنەوە.
فەلاح خەفاجی لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە لوتکەی بەغداد بە ئاژانسی هەواڵی فەرمیی عێراقی ڕاگەیاندووە، “لوتکەی عێراق بۆ هاوکاری و هاوبەشی هەنگاوێکی نوێیە بۆ پەیوەندیی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەری و وڵاتانی جیهان”.
دەڵێت، “ئێمە هیوای زۆرمان بەم کۆنگرەیە هەیە لە بوارەکانی ئابوری، ئاسایش، ڕێککەوتن و پێکەوە کارکردن لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و جیهان”.
وتیشی، دەکرێت ئەمە دەرگایەک بێت بۆ ڕێککەوتنی بازرگانی نوێ و فراوانکردنی بازرگانیی عێراق لەگەڵ هەموو وڵاتان و ڕێڕەوێکی پارێزراو بێت بۆ دروستکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکان لەگەڵ وڵاتانی جیهان و بەتایبەت ئەو وڵاتانەی بەشداریی لوتکەکە دەکەن.
خەفاجی ئاماژەی بەوەکرد، ئەم لوتکەیە دەکرێت ئەنجامی باشی ئابوری و وەبەرهێنانی بۆ عێراق هەبێت و کەرتی تایبەتیش ڕۆڵی گرنگی هەبێت لەو بوارانەدا.
هەروەها هەنگاوێک دەبێت بۆ دابینکردن و پەرەپێدانی کارەبای عێراق کە یەکێک لەو کێشانەی دەکرێت بە هاوکاری و هەماهەنگیی وڵاتانی دراوسێ چارەسەر بکرێت.