ئەمڕۆ هەزاران کەس لە چلەی ماتەمینیی ئیمام حوسێنی کوڕی عەلی-دا بەشداردەبن

ئەمڕۆ 27ی ئەیلول، یەکەم ڕۆژی چلەی ماتەمینیی ئیمام حوسێنی کوڕی عەلی-یە، لە عێراق شیعە مەزهەبەکان، بە ڕێپێوانێک یادی ئەو ڕۆژە دەکەنەوە.

ئەو ڕۆژەی شیعە بە “اربعینیة” ناویدەبات، چل ڕۆژ بەسەر یادی کوشتنی ئیمام حوسێندا تێدەپەڕێت، لەم ڕۆژەدا شیعە مەزهەبەکان یادی چلەی “شەهیدكردنەكە” دەکەنەوە، ساڵانە ملیۆنان شیعە مەزهەب لە ڕێپێوانەکاندا بەشداریدەكەن.

پێش سەردەمی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، یادی چلەی ماتەمینیی ئیمام حوسێنی کوڕی عەلی، بە یەکێک لە قەرەباڵغترین بۆنە ئایینییەکان دادەنرا لە جیهاندا، بەو پێیەی بە وتەی بەرپرسانی عێراق، ساڵی 2015 لە “اربعینیة”دا 27 ملیۆن کەس بەشدارییانکردووە.

لە سەردەمی دەركەوتنی داعش لە عێراق و كۆنترۆڵكردنی چەند ناوچەیەك، قەرەباڵغیی یادكردنەوەی چلەكە وردە وردە کەمبووەوە و لەدوای هاتنی کۆرۆناشەوە ڕێژەكە زیاتر کەمیکرد.

لەو یادەدا ملیۆنان کەس لە شارەکانی “نەجەف و کەربەلا” كۆدەبنەوە، نزیکەی سێ ڕۆژ ڕێپێوان دەکەن و بۆ گەیشتن بەو شارانەی چەندین کیلۆمەتر ڕێگا دەبڕن.

ساڵانە لە یادی چلەی ئیمام حوسێندا، دەیان کەس بەهۆی ڕێپێوان و ڕێگای گەیشتن بە عێراق گیانلەدەستدەدەن، ساڵی 2019 زۆرترین كەس بوونەقوربانی، لە “ركضة الطويريج”ی ئەو ساڵەدا 77 زیارەتكاری ئایینی لە یادەکەدا گیانیانلەدەستدا.

ساڵانە بەهۆی کۆبوونەوەی گەشتیارانی ئایینیی ئێرانی لە سنوورەکانی ئێران و عێراق دەیان کەس گیانلەدەستدەدەن، ئەمساڵیش زیاتر لە 50 کەس لەڕێگەی هاتنیان بۆ عێراق، لە خاڵی سنووریی شەڵەمچە برینداربوون.

بابەتی پێشتر

وێنە.. سەرەی بەنزین لە بەریتانیا

بابەتی دواتر

دۆناڕوما دەیەوێت لە پاریس بڕوات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share