ئەو بەرگرییەی هەندێك لە ژەمەكانی ڤاكسینی بایۆنتێك – فایزەر و ئەسترازێنیكا دەیبەخشن، پاش كەمتر لە شەش مانگ بەسەر وەرگرتنیدا كەمدەكات، بەپێی توێژینەوەیەكی نوێ، ئەمەش ئاماژەیە بۆ پێویستیی وەرگرتنی ژەمی دیكە بۆ درێژەدان بە بەرگریی لەش، بەڵام ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی لەوبارەیەوە ڕەخنەی هەیە.
توێژەران لە بەریتانیا دەڵێن، ئەو بەرگرییەی پاش وەرگرتنی دوو ژەم لە بایۆنتێك – فایزەر و ئەسترازێنیكا – ئۆكسفۆرد دروستدەبێت، دەست بەكەمبوونەوە دەكات لەماوەی شەش مانگدا، كە ئاماژەیە بۆ پێویستیی وەرگرتنی ژەمی چالاككەر.
شیكردنەوەی ئەو زانیارییانە لەلایەن كۆمپانیای (زوی كۆڤید) نیشانیدەدات كە كاریگەریی ڤاكسینی بایۆنتێك – فایزەر بە ڕێژەی 88% كەمیكردووە پاش مانگێك بەسەر وەرگرتنی ژەمی دووەمدا و 74% پاش پێنج یان شەش مانگ.
دەربارەی ڤاكسینی ئەسترازێنیكا كاریگەرییەكەی بۆ 77% تا 67% كەمیكردووە پاش چوار بۆ پێنج مانگ.
توێژینەوەكە زانیاری دروستی لە جیهانەوە وەرگرتووە لەڕێی ئەپێكی مۆبایلەوە كە زیاتر لە یەك ملیۆن بەكارهێنەری چالاكی هەیە، كە لەڕێیەوە وردەكاریی ڤاكسینەكان و ئەنجامی پشكنینەكانیان تۆمار دەكەن، دواتر لەلایەن توێژەرانەوە شیكردەوەیان بۆ دەكرێت، لەنێویاندا زانایانی زانكۆی كینگز كۆلدج لە لەندەن، توێژینەوەكە زیاتر لە 1.2 ملیۆن ئەنجامی پشكنین و بەشداربووانی گرتووەتەوە.
ئەنجامی توێژینەوەكە لەكاتێكدایە هەندێك لە وڵاتان هەوڵ بۆ پێدانی ژەمی دیكە دەدەن بەوانەی پێشتر دوو ژەمەكەیان وەرگرتووە، لە هەنگاوێكدا كە لەلایەن ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانییەوە ڕەخنەی لێگیراوە، لەكاتێكدا هێشتا چەند ملیار كەسێك لە جیهاندا هیچ ژەمێكیان وەرنەگرتووە.
هەفتەی ڕابردووش توێژینەوەیەكی بەریتانیی سەربەخۆ ئاشكرایكرد، كاریگەریی ڤاكسینی بایۆنتێك – فایزەر و ئەسترازێنیكا دژ بە گۆڕاوی دەلتا لەماوەی سێ مانگدا كەمیكردووە بۆ 75% و 61% لە 85% و 68%ەوە.