تای خوێنبەربوون عێراق دەخاتە دۆخێکی مەترسیدارەوە

لەماوەی مانگێکدا هەشت کەس بەهۆی تووشبوونیان بە تای خوێنبەربوون لە عێراق گیانیان لەدەستداوە، سەرەڕای بوونی 40 حاڵەتی تووشبوون لەنەخۆشخانەکان، دوایین حاڵەتیش لە هەفتەی ڕابردوودا لە کەرکوک تۆمارکرا و دوێنێ هەینی گیانیلەدەستدا.

تۆمارکردنی ئەو ژمارە تووشبووە بە تای خوێنبەربوون وەزارەتی تەندروستیی عێراقی ناچار بەگرتنەبەری ژمارەیەک ڕێکاری خۆپارێزیی پەیوەست بە نەخۆشییەکە کردووە، لەوانەش قەدەغەکردنی فرۆشتن و ناردنی گۆشتی ئاژەڵ لە پارێزگایەکەوە کە تووشبووی تێدا تۆمارکراوە بۆ پارێزگایەکی دیکە.

هەروەها قەدەغەکردنی سەربڕینی ئاژەڵ لەدەرەوەی سەربڕخانە فەرمییەکانی ژێر چاودێریی دەسەڵاتی ڤێتێرنەری.

وەزارەتی تەندروستیی عێراق لە داوایین ڕاگەیەندراویدا لەدوای تۆمارکردنی حاڵەتی نەخۆشییەکە لە شاری کەرکوک ڕایگەیاند، تۆمارکردنی تووشبوو بە تای خوێنبەربوون لە کەرکوک و دەرچوونی لە پارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاست ئاماژەن بۆ جێبەجێنەکردنی ڕێکار و ڕێنماییەکان و ئەوەش مەترسییەکان زیاتر دەکات.

هەوەرها وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق دوێنێ هەینی ئاشکرایکرد، لەمساڵدا تووشبوون بە نەخۆشیی تای خوێنبەربوون بەرزبووەتەوە و داوای لە میدیاکان کرد هۆشیاریی تەندروستیی لەوبارەیەوە بدەن بە هاوڵاتییان.

تای خوێنبەربوون نەخۆشییەکی ڤایرۆسیی کوشندەیە کە ڕێژەی مرد بەهۆیەوە دەگاتە 40%ی تووشبووانی، نەخۆشییەکە لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە و لە کەسێکی تووشبوو بۆ کەسێکی دیکە دەگوازرێتەوە لەڕێگەی بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ بە خوێن، شلە دەردراوەکانی دیکەی جەستەی کەسی تووشبوو.

بابەتی پێشتر

حەوت زانیاریی سەرنجڕاکێش

بابەتی دواتر

عێراق دەستیگرت بەسەر دوو بارهەڵگر گەنمدا بە قاچاخ دەبران بۆ هەولێر

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share