هۆرمۆنی سیرۆتۆنین، لەجەستەی مرۆڤدا هەیە و بە Hydroxy Tryptamine-5 ناودەبرێت، کورتکراوەکەی HT-5ـــە، بەرپرسە لە حاڵەتی دەروونی و یادگەی مرۆڤ، بە یەکێک لەو هۆرمۆنانە دادەنرێت کە پێیان دەگوترێت هۆرمۆنی دڵخۆشی.
توشبوونی هەرکەسێک بە کێشەکانی هۆرمۆنی سیرۆتۆنین حاڵەتێکی مەترسیدار لەسەر ژیانی دروستدەکات بەهۆی کەمی توانای هەڵمژینی هۆرمۆنی سیرۆتۆنین لەلایەن کەسی توشبووەوە، هۆکارەکەشی بۆ خراپیی بەکارهێنانی چارەسەرە پزیشکییەکان دەگەڕێتەوە.
بەکارهێنانی ئەو چارەسەر و حەپانەی هەمان هۆرمۆن لە پێکهاتەیاندا هەیە یاخود هەندێک لەو چارەسەرانەی وەک تەواوکەری خۆراکی بەکاردەهێنرێن، ئەگەری هەیە کارلێک لە پێکهاتەکانیاندا ڕووبدات و جەستە تووشی ناڕێکیی دەردان و هەڵمژینی هۆرمۆنەکە ببێت.
چارەسەرەکانی هۆرمۆنی سیرۆتۆنین کە بە هۆرمۆنی دڵخۆشیش دەناسرێت بۆ هەندێک لە حاڵەتەکانی وەک گۆشەگیری، نەخۆشیی دەروونی و ناڕێکی لە هەڵچوونەکانی مرۆڤدا بەکاردەهێنرێت.
لەکاتێکدا جەستە توانای مژینی هۆرمۆنەکەی کەمببێتەوە، لەڕێگەی چەسپێنەرەکانی وەک فلۆكستين و بارۆكستين چارەسەر دەکرێت و یارمەتیدەردەبێت لە حاڵەتەکانی توشبوون بە گۆشەگیری، هەروەها ترشی ئەمینی تریپتۆفان Tryptophan دەتوانێت یارمەتیدەربێت لە وەرگرتنی بڕی پێویست لە هۆرمۆنی سیرۆتۆنین، ئەو ترشە ئەمینییە بە سروشتی لە هەندێک خۆراکی وەک گۆشتی مریشک، چەرەس، شیر و هەندێک لە دانەوێڵەکاندا هەیە.
ئەو نیشانانەی لە ناڕێکیی هۆرمۆنی سیرۆتۆنینەوە دروستدەبن بەگشتی لە 24 کاتژمێردا دەردەکەون و بە نیشانەی سووک دەستپێدەکەن، وەک، بەرزبوونەوەی فشاری خوێن، دڵتێکەڵهاتن و ڕشانەوە، سەرسوڕان، ئارەقکردنەوەی زۆر، ئازاری ناودەستەکان، ئازاری نائاسایی ماسولکەکان، دەنگی ڕیخۆڵەکان و وشکبوونەوەی دەم، بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی جەستە و لێدانی خێرای دڵ.
کاریگەرییەکانی چارەسەرنەکردنی ناڕێکیی هۆرمۆنی سیرۆتۆنین بریتین لە، جەڵتەی سووک، لەکارکەوتنی گورچیلەکان، هەناسەتوندی، تۆپەڵبوونی خوێن، بێئاگایی (کۆما) و دواجار مردن.