وەزیرێكی پێشووی ئەفغانی لە ئەڵمانیا كاری دلیڤەری دەكات

وەزیری پێشوو لە ئەركە نوێیەكەیدا

وێنەی وەزیرێكی پێشووی ئەفغانستان كە لەسەر پاسكیلێك كاری گەیاندنی خواردن دەكات لە شاری لایبزگ لە ڕۆژهەڵاتی ئەڵمانیا، بەس بوو بۆ ئەوەی ببێتە باسی گەرمی میدیا جیهانییەكان، هاوكات لەگەڵ ئەو گرنگیپێدانەی لەم چەند ڕۆژەدا بە وڵاتەكە دەدرێت دوای كۆنتڕۆڵكردنی لەلایەن چەكدارانی تاڵیبانەوە.

وێنەكە سەرەتا لەلایەن جۆزا مانیا شلیگل-ی ڕۆژنامەنوسی ئەڵمانییەوە گیراوە و لە تویتەری خۆیەوە بڵاویكردەوە، بەر لەوەی تەواوی چیرۆكەكەی وەزیری پێشووی پەیوەندییەكانی ئەفغانستان لەڕێی سایتی (ڤۆلكسزیتونگ)ەوە بڵاوبكرێتەوە.

هاوكات سكای نیوز بڵاویكردووەتەوە، گفتوگۆی لەگەڵ سەید ئەحمەد شا سادات، وەزیری پێشووی پەیوەندییەكانی ئەفغانستان كردووە و لای خۆیەوە دروستیی چیرۆكەكەی دوپاتكردووتەوە.

سادات لە كانونی یەكەمی 2020 چووەتە شارەكەی ئەڵمانیا، دوای ئەوەی وازی لە پۆستە وەزارییەكە هێناوە، كە پێشتر دوو ساڵ لە ئەستۆیدا بووە، دواتر كاری گەیاندنی خۆراكی بۆ كۆمپانیای لیڤراندۆی ئەڵمانی كردووە، پاش ئەوەی پارەكانی تەواو بووە.

سادات لەگەڵ ئەشرەف غەنی سەرۆكی پێشووی ئەفغانستان

سادات دەڵێت، “باوەڕم وایە پۆستە حكومییەكان ئەمانەتی گشتین، پێویستە بە ئەمانەت و ئەوپەڕی تواناوە ئەنجامبدرێن، پاش جێهێشتنی پۆستەكە، پێویستە كەسەكە ببێتەوە بە هاوڵاتییەكی ئاسایی و ژیانی ڕۆژانەی خۆی بەڕێوەببات”.

“لەبەر ئەم هۆكارەیە دەكرێت لە ڕۆژئاوا هەر كەسێك ببینیت لەسەر پاسكیل بێت، بەڵام لە ئاسیا و جیهانی عەرەبی ڕێگە بە وەزیران نادرێت، یان ناتوانن پاسكیلسواری بكەن یاخود ئەركێك لە پلەیەكی خوارتردا بەڕێوەببەن” سادات وادەڵێت.

ڕوونیشیدەكاتەوە، دوو بڕوانامەی ماستەری لە پەیوەندییەكان، ئەندازیاریی ئەلیكترۆنی لە زانكۆی ئۆكسفۆردی بەریتانی هەیە، سەرەڕای 23 ساڵ شارەزایی لە بواری پەیوەندییەكان لەگەڵ زیاتر لە 20 كۆمپانیا، هەروەك لە 13 وڵات كاریكردووە لەوانەش سعودییە بۆ كۆمپانیای ئارامكۆ و كۆمپانیای پەیوەندییەكانی سعودییە.

دوپاتیشیدەكاتەوە، لەماوەی ئەو چەند ساڵەی دواییدا ڕووی لە ئەفغانستان كردووە بۆ هاوكاریكردنی وڵاتەكەی و كاركردن بۆ باشكردنی كەرتی پەیوەندییەكانی تەلەفۆن و مۆبایل، بەڵام وازیهێناوە دوای ئەوەی نەیتوانیوە لەگەڵ تیمی نزیك لە سەرۆك و داخوازییەكانیان بگونجێت.

سادات لەكاتی كارەكەیدا وەك وەزیری پەیوەندییەكانی ئەفغانستان

دەربارەی ڕووداوەكانی ئەمدواییەی ئەفغانستانیش وەزیرەكەی پێشوو وتی، “كەوتنی حكومەتەكەی ئەشرەف غەنی بەو خێراییە پێشبینی نەكراو بووە”.

پلانی سادات فێربوونی زمانی ئەڵمانی و گەڕانەوەیە بۆ ئەنجامدانی كارەكەی لە كەرتی پەیوەندییەكاندا.

سادات لە ساڵی 2018 پۆستە وەزارییەكەی وەرگرتووە و لە ساڵی 2020 وازیهێناوە، بەر لەوەش چەندین پۆستی حكومی هەبووە وەك گەورە ڕاوێژكارانی هونەریی وەزیری پەیوەندییەكان و تەكنەلۆجیای زانیاری لە ساڵی 2005 تا 2013.

هەروەك پۆستی سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیای ئەرینا تیلیكۆم-ی لە لەندەن لە ئەستۆدا بووە لە ساڵی 2016 تا ساڵی 2017 و لە هەمان ماوەدا جێگری وەزیری پێشووی پەیوەندییەكان بووە تا ئەوكاتەی خۆی بووەتە وەزیر.

بابەتی پێشتر

چوار پەرلەمانتار: حكومەتی هەرێم ڕێگرە لە چارەسەری گرانیی بەنزین

بابەتی دواتر

کریستیانۆ لەنێوان بەردەوامبوون و دەنگۆی میدیاکان

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share