چوار پەرلەمانتاری كورد ڕایدەگەیەنن، هەوڵیانداوە حكومەتی عێراق بە نرخی 450 دینار بەنزین بگەیەنێتە پارێزگاكانی هەرێم، بەڵام لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە گرفت دروستکراوە و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە بەرژەوەندی چەند کۆمپانیایەک سودی لەم هەنگاوەی وەرگرتووە.
چوار پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی هیوا لە ڕاگەیەنراوێكی هاوبەشدا دەڵێن، پاش ئەوەی لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ بەشێوەی فەرمی داوامان لە وەزیری نەوتی عێراق کرد بۆ هاوکاریکردنی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی بەنزین. پاشان لەگەڵ مەترسی بەرزبونەوەی بەنزین هەوڵەکانمان چڕکردەوە و لۆبییەکی بەهێزمان دەستپێکرد تا بەنزینی بەرهەمهێنراوی پاڵاوگەکانی عێراق بگاتە بازارەکانی کوردستانیش بە هەمان نرخ.
دەشڵێن، “سەرەنجام لێکتێگەیشتنمان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراقی بەوە گەشت کە حکومەتی عێراق بە هەماهەنگی پارێزگاکانی هەرێم بەپێی پێویستی پارێزگاکانی هەرێم بەنزین دابەشبکات بە نرخی (450) دینار، تا ڕێگربێت لە بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین لە بەنزینخانە ئەهلیەکانی کوردستان”.
پەرلەمانتاران (ئەحمەد حاجی ڕەشید، سەرکەوت شەمسەدین، ڕێبوار کەریم و غالب محەمەد) ئاماژەدەن، بەڵام ئێستا لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە گرفت دروستکراوە و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە بەرژەوەندی چەند کۆمپانیایەک سودی لەم هەنگاوەی عێراق وەرگرتووە و دەیەوێت بەنرخی (650) دینار بەنزینەکە بفرۆشێت، ئەمەش مەترسییەکی سەرەکییە لەسەر ناردنی بەنزین لە عێراقەوە.
دوپاتیشیدەكەنەوە، سەرەڕای پشتیوانیکردنی بریارەکەی حکومەتی عێراق بۆ ناردنی بەنزین، چاودێری ڕێکەوتنەکان دەکەین تا لەبەرژەوەندی هاوڵاتیان بکەوێتەوە و نرخەکەی هاوتای عێراق بێت.
هەفتەی ڕابردوو کەمال ئەتروشی، وەزیری سامانە سروشتییەکان ڕایگەیاند، لە 23ی ئابەوە یەک ملیۆن لیتر بەنزین لە بەغدادەوە دێت.
ئەوەشی وت، هاتنی ئەو بڕە بەنزینە “وادەکات کوالێتیی بەنزینەکەمان باش ببێت و نرخەکەشی دەبێت بە 650 دینار بە کوالێتییەکی باش و لە هەموو کوردستان بەو نرخە دەبێت”. (ئەمڕۆ ئەو وادەیە تێپەڕی بەبێ ئەوەی نرخی بەنزین داببەزێت).
لەبەرامبەر ئەو لێدوانەدا هەر ئەوكات عەلی حەمەساڵح، سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان بڵاویكردەوە، “من وای نابینم و لێکۆڵینەوەم کردووە. گرفتەکە لە بڕی بەرھەمھێناندایە”.
دەشڵێت، “ئێستا حکومەت نزیکەی ملیۆنێک لیتر بەنزینی ھەیە و 16٪ی پێداویستيی خەڵک دابیندەکات بە 620 دینار دەیداتە سەن ئۆیڵ و کورد نەفت، ئەوانیش لە بەنزیخانەکانی خۆیان دەیدەن بە 660 و بەوانی دیکەی دەفرۆشنە 800 دینار”.
عەلی حەمەساڵح ڕونیشیدەكاتەوە، “چارەسەر ئەوەیە بڕی پاڵاوتن لە بازیان و کەڵەک زیادبکەن کە توانای پاڵاوتنیان 215 ھەزار بەرمیلە و پێداویستيی ناوخۆ بەزیادەوە دابیندەکات! تائێستاش ئەم قەرارە نیە!”.