وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەكانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، پلانێكی هەیە بۆ دابەشكردنی ئاو و ئامادەكاری بۆ وەرزی كشتوكاڵیی داهاتوو و دەشڵێت، ڕێككەوتن كراوە لەسەر سازدانی كۆبوونەوەیەكی هاوبەش لەگەڵ سوریا و توركیا بۆ تاوتوێكردنی بەردانەوەی ئاو.
عەلی ڕازی، وتەبێژی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەكانی عێراق ڕایگەیاند، وتوێژ و كۆبوونەوە هونەرییەكان لەگەڵ هەردوو لایەنی توركی و سوریدا بەردوامە لەچوارچێوەی زامنكردنی بەردانەوەی ئاو بۆ هەردوو ڕووباری دیجلە و فوڕات.
ئاژانسی هەواڵی عێراق لەسەر زاری ڕازی ئەوەشی وت، كۆمەڵێك دیداری هونەری و گریمانەیی هەیە بۆ گەیشتنە خاڵی سەرەكی تاوتوێی پرسی بەردانەوەی ئاو، دیداری دواهەمینیش لەگەڵ لایەنی سوری-دا ڕێككەوتنێكی لەبارەی كۆبوونەوەی سێ قۆڵی عێراق، سوریا و توركیای لەخۆگرت.
پەیامەكانی عێراق بۆ لایەنی ئێرانیش بەردەوامە بۆ تاوتوێكردنی دەردانی ئاو و ڕووبارە هاوبەشەكان، وەك ئەوەی وتەبێژی وەزارەتەكە ئاماژەی پێدا و ڕوونیشیكردەوە، بڕیاربوو سەردانێك بۆ دیداری لایەنی ئێرانی ئەنجامبدرێت، بەڵام وادەكەی هاوكاتبوو لەگەڵ هەڵبژاردنەكانی ئێران.
دوپاتیشیكردەوە، وەزارەتەكەیان لە ئامادەكاریدایە بۆ دانانی پلانی كشتوكاڵی و سەرجەم دۆسیەكان ئامادەن بۆ دانانی پلانی گونجاو بۆ وەرزی داهاتوو، كە بەپێی وتەی ئەو پلانەكە پشت بە پێدراوەكان دەبەستێت وەك وەرزی بارانی ساڵی داهاتوو و پێشبینی داهات و دەستەبەركردنی ئاو لە بەنداو و عەمبارەكان.