میسر.. 170 كه‌س له‌ كه‌یسی وێنه‌گرتنى بنكه‌یه‌كی سه‌ربازیدا دادگایی ده‌كرێن

ڕووداوه‌كه‌ بۆ ساڵی 2016 ده‌گه‌ڕێته‌وه‌

له‌ میسر 168 كه‌س له‌ كه‌یسی “وێنه‌گرتنى بنكه‌ى ئاسمانیی بلبیس” دادگایی ده‌كرێن و 21 كه‌سیان سزاى زیندانیكردنى هه‌تاهه‌تاییان به‌سه‌ردا سه‌پێندرا، دوو له‌ تۆمه‌تباره‌كانیش له‌ماوه‌ى ڕاگرتنیاندا مردوون.

ڕووداوه‌كه‌ بۆ ساڵی 2016 ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و ئه‌وكات 170 كه‌س به‌تۆمه‌تی وێنه‌گرتنى بنكه‌ ئاسمانییه‌كه‌ ده‌ستگیركران و كه‌یسه‌كه‌ به‌وه‌ ناوبانگى ڕۆیشتووه‌، به‌ڵام له‌ لێكۆڵینه‌وه‌كاندا تێوه‌گلانیان له‌ چه‌ندین “تاوان”ى دیكه‌دا ئاشكراكرا و به‌ چه‌ندین كه‌یس تۆمه‌تباركران و تا ئێستا كه‌یسه‌كه‌ به‌رده‌وامه‌ و گۆڕانكاریی نوێی هه‌یه‌.

ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریی میسر ده‌ڵێت، “به‌شێك له‌و تۆمه‌تبارانه‌، جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی سوێس و ژماره‌یه‌ك سه‌ربازى سوپاى میسریان له‌ ئه‌سوان كوشتووه‌، به‌ بۆمب و چه‌ك هێرشیان كردووه‌ته‌ سه‌ر چه‌ندین بنكه‌ و ئۆتۆمبێلی هێزه‌كانى پۆلیس و شوێنی گشتی”.

ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، “تۆمه‌تباره‌كان هێرشیانكردووه‌ته‌سه‌ر هێڵی گازى كۆمپانیاى سوێس په‌ترۆل، هێرشیان كردووه‌ته‌سه‌ر كه‌شتییه‌ك له‌ كه‌ناڵی سوێس، تاوه‌ری كۆمپانیاى مۆبینێل-یان ته‌قاندووه‌ته‌وه‌ و ئۆتۆمبێلێكیان دزیوه‌ و چاودێرییان خستووه‌ته‌سه‌ر چه‌ندین بنكه‌ی پۆلیس و باره‌گاى سه‌ربازى و فه‌رمانگه‌ى حكومى و ئه‌فسه‌ر و كاربه‌ده‌ست و كارمه‌ندى پۆلیس، یه‌كێك له‌ كاره‌كانیشیان، وێنه‌گرتنى بنكه‌ى ئاسمانیی بلبیس بووه‌ له‌ڕێگه‌ى كامێراى مۆبایله‌وه‌”.

دواى چه‌ندین دانیشتنی دادگا، ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریی میسر بڕیاریدا 21 كه‌س له‌و تۆمه‌تبارانه‌ تا هه‌تاهه‌تایه‌ زیندانیبكرێن و 46 تۆمه‌تباریش به‌بێ ئاماده‌بوونیان له‌ دادگا، به‌هه‌مانشێوه‌ سزاى زیندانیكردنى هه‌تاهه‌تاییان بۆده‌ركراوه‌.

به‌گوێره‌ی ڕاگه‌یه‌ندراوى ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریی میسر، نۆ تۆمه‌تبار بۆ ماوه‌ى 15 ساڵ زیندانی ده‌كرێن و 19ی تریشیان سزاى 10 زیندانیكردنیان به‌سه‌ردا سه‌پێندراوه‌، 66 تۆمه‌تبار بۆ ماوه‌ى حه‌وت ساڵ زیندانی ده‌كرێن و چوار تۆمه‌تباریان بۆ ماوه‌ى چوار ساڵ و هه‌ندێكیان بێتاوان ده‌رچوون. هه‌روه‌ك دوو تۆمه‌تبار له‌ زینداندا مردوون.

بابەتی پێشتر

له‌ڕێگه‌ی ئوردن-ـه‌وه‌ 2500 ئه‌فغانى ڕه‌وانه‌ى ئه‌مریكا ده‌كرێن

بابەتی دواتر

بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر: تورکیا دەیەوێت دەرفەت بە داعش بداتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share