ئاسمانگەڕێك گەیشتە نزیكترین خاڵ لە خۆرەوە

ئاژانسی ناسای ئەمریکی ڕایگەیاند ئەو ئاسمانگەڕەی بەناوی پارکەر “Parker”، لەناوەڕاستی 2018دا ڕەوانەی بۆشایی ئاسمانی کردبوو، بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لە خۆر بەدرێژایی حەوت ساڵ، لە 9ی مانگی ئابدا گەیشتە نزیکترین خاڵ لە خۆرەوە.

ئاسمانگەڕەكە بەخێرایی 532 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا لە خۆر نزیکدەبێتەوە و گەیشتووەتە دووریی 10 ملیۆن و 400 هەزار کیلۆمەتر لە خۆرەوە، کە ئەوە نزیکترین خاڵە تائێستا مرۆڤ بە ئامێرەکانی پێیگەیشتووە، لەکاتێکدا دووریی ئێستای ئاسمانگەڕەكە لە زەوییەوە 150 ملیۆن کیلۆمەترە.

ئاژانسەکە دەڵێت، “Parker” لە کانونی یەکەمی 2024دا زیاتر لە خۆر نزیکدەبێتەوە و دەگاتە دووریی شەش ملیۆن و 100 هەزار کیلۆمەتر، خێرایی ئاسمانگەڕەكە 190 کیلۆمەترە لە چرکەیەکدا، هەروەها 11 هەزار و 400 کیلۆمەتر لە خولەکێکدا، بەوپێیەش دەتوانێت لەماوەی کاتژمێرێک و 15 خولەکدا بگاتە سەر مانگ و بگەڕێتەوە، ئەو خێراییە تائێستا مرۆڤایەتیی نەیتوانیوە پێیبگات و ئەوە یەکەم جارە.

ئاسمانگەڕەكە لەیەکەم هەوڵەکانی کۆکردنەوەی زانیاریی لەسەر خۆر توانیوییەتی دەنگی “بای هەتاوی” تۆماربکات.

لەبارەی نزیکبوونەوەی ئاسمانگەڕەكە، دکتۆر نیکی فۆکس لە تاقیگەی جۆنز هۆپکنز ڕایگەیاند، “وایدانێ دووریی نێوان خۆر و زەوی تەنها یەک مەترە، لەوکاتەدا پێوانەی دووریی پارکەر تەنها چوار سانتیمەترە لە خۆرەوە، بەردەوامیشە لە نزیکبوونەوە بەخێراییەک کە دەتوانێت لە کەمتر لە خولەکێکدا لە نیویۆرکەوە بگاتە تۆکیۆ”.

خۆر یەکێکە لە ئەستێرە گەورە ئاڵۆزەکان، وەک تۆپێکی گەورەی پڕ لە هایدرۆجین و هیلیۆم ناودەبرێت.

بابەتی پێشتر

لۆگاریتمی مباپێ.. 150 ملیۆن یان داهاتی زیاتر؟

بابەتی دواتر

هاتوچۆی گەشتیاری لە دەروازەی پەروێزخان دەستیپێكردەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share