ئەوروپا بۆ ڕێگری لە كۆچبەران تیمی شارەزایان ڕەوانەی سنووری بیلاڕوسیا دەكات

بڵاوەپێكردنی هێزەكانی سوپای پۆڵەندا لەسەر سنووری بیلاڕوسیا

یەكێتیی ئەوروپا ڕایدەگەیەنێت، تیمی شارەزایانی خۆی ڕەوانەی سنووری لیتوانیا و لاتیڤیا و پۆڵەندا لەگەڵ بیلاڕوسیا دەكات و داواش لە كۆمسیۆنی ئەوروپا دەكات پشتیوانیی زیاتری ئەو وڵاتانە بكات، بەهۆی ئەو شەپۆلی كۆچەی ڕوویتێكردوون.

وەزیرانی ناوخۆی وڵاتانی ئەوروپا دوای كۆبوونەوەیەك كە لەڕێی ڤیدیۆوە ئەنجامیاندا، لە بەیاننامەیەكدا ڕایانگەیاند، شارەزایانی دیكە و ئامێری پێشكەوتوو ڕەوانەی ئەو وڵاتانە دەكەن بۆ هاوكاریكردنیان بەمەبەستی ڕێگری لە كۆچبەران.

بڕیاریشیانداوە داوا لە كۆمسیۆنی ئەوروپا بكەن پشتیوانیی دارایی زیاتری هەرسێ وڵات بكات، سەرەڕای بەهێزكردنی چاودێریی سنوورەكانی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا.

وەزیرانی بەشداربوو تاوتوێی كێشەی زیادبوونی ژمارەی كۆچبەرانیشیان كرد كە سنوورەكانی یەكێتی ئەوروپا لەڕێی بیلاڕوسیاوە دەبڕن.

بەمدواییە دەسەڵاتدارانی لیتوانیا، لاتیڤیا و پۆڵەندا سكاڵای خۆیان گەیاند دەربارەی زیادبوونی ژمارەی كۆچبەرانی نایاسایی، كە بەشێوەیەكی بەرچاو لەسەر سنوورەكانیان لەگەڵ بیلاڕوسیا بەدیدەكرێن.

پێشتر ئەلكساندەر لۆكاشینكۆ، سەرۆكی بیلاڕوسیا ڕایگەیاند، وڵاتەكەی ڕێگریكردن لە گەیشتنی كۆچبەران بۆ وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپا لەڕێی خاكی وڵاتەكەیەوە دەوەستێنێت.

وتیشی، “توانا و پارە”ی پێویستیان نییە بۆ ڕێگری لە شەپۆلی كۆچبەران، لەسایەی ئەو سزا ئابورییەی یەكێتیی ئەوروپا بەسەریدا سەپاندوویەتی.

بەشێكی بەرچاوی ئەو كۆچبەرانە كورد و عێراقین، كە بەمدواییە ئەو ڕێگایە بۆ گەیشتنە وڵاتانی ئەوروپا بەكاردەهێنن.

س: نۆڤۆستی

بابەتی پێشتر

بافڵ تاڵەبانی سەردانی عەدنان موفتی كرد

بابەتی دواتر

تەندروستیی جیهانی: مرۆڤایەتی لەمەترسییەكی گەورەدایە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share