پەرلەمان دەربارەی بودجە داوایەك ئاراستەی حكومەتی هەرێم دەكات

دوو “به‌یان مالی” بۆ شه‌ش مانگی یه‌كه‌م و دووه‌مى ساڵی 2021 بۆ په‌رله‌مان بنێرێت

لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان داوا لە حكومەتی هەرێم دەكات پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2022 ئامادەبكات و لەبری پڕۆژەكەی ئەمساڵ ڕەوانەی پەرلەمانی بكات.

لیژنەی دارایی و كاروباری ئابوریی پەرلەمانی كوردستان ئەمڕۆ بڕیاریدا نووسراوێك ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بكات و تیایدا داواى ئه‌وه‌ بكات حكومه‌تی هه‌رێم له‌ برى ناردنی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی ساڵی 2021 بۆ په‌رله‌مان، پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ى ساڵی 2022 ئاماده‌بكات، بۆ ئه‌وه‌ى بتوانرێت له‌ مانگی تشرینی یەكەمی داهاتوودا له‌كاتی یاسایی خۆیدا پڕۆژه‌یاساكه‌ بۆ په‌رله‌مان بنێرێت.

لیژنه‌كه‌ داواش له‌ حكومه‌ت ده‌كات له‌ برى ناردنی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی ئەمساڵ، دوو “به‌یان مالی” بۆ شه‌ش مانگی یه‌كه‌م و دووه‌مى ساڵی 2021 بۆ په‌رله‌مان بنێرێت و له‌ كۆتایی ساڵیش ژمێره‌ى كۆتایی و ڕاپۆرتی چاودێریی دارایی ڕه‌وانه‌ی پەرلەمان بكات.

لە 7ی كانونی دووەمی ئەمساڵ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2021 ئامادە بكات، بەڵام سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە حەوت مانگ و نیو، هێشتا نەتوانراوە پرۆژەكە ڕەوانەی پەرلەمان بكرێت.

حكومەتی هەرێم دوو پێشنیازی لەبەردەست بوو بۆ ئامادەكردنی ڕەشنووسی بودجەی گشتیی هەرێم، ئەوانیش پرۆژەیەك بەبێ ناردنی پارە لەلایەن بەغدادەوە، كە پشت بە داهاتی هەرێم خۆی ببەستێت، پڕۆژەیەكیش كە پشت بە ڕێككەوتن لەگەڵ بەغداد و ناردنی پارە لەلایەن ناوەندەوە بۆ هەرێم ببەستێت.

پێشتریش ڕێواس فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان وتی، “بڕیاربوو حكومەت لە ناوەڕاستی مانگی سێدا پڕۆژەیاسای بودجە بنێرێتە پەرلەمان، بەڵام نەیناردووە،”.

ئەوەشی وت، “هەشت ساڵە هەرێم یاسای بودجەی نییە، بەڕاستی نادەستوری و نایاساییە كە بەبێ بودجە پارە خەرج بكرێت، هەرێمی كوردستان لە خراپترین قۆناغەكانی خۆیدا بودجەی هەبووە، ناكرێت ئێستا نەیبێت”.

بابەتی پێشتر

فڕۆكەكانی توركیا دەوروبەری شەنگال بۆردوومان دەكەن

بابەتی دواتر

وەزارەتی پێشمەرگە تەمەنی خانەنشینیی پلەدارەكانی دیاریكرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share