بەرپرسێکی ئەمنی لە فڕۆکەخانەی کابولی پایتەختی ئەفغانستان ئاشکرایکرد، گەشتی فڕۆکە سەربازییەکان بۆ دەربازکردنی دیپلۆمات و هاوڵاتییانی سڤیلی ئەفغانستان لە بەیانی ئەمڕۆ سێشەممەوە دەستیپێکردەوە.
ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، ڕاڕەوی فڕۆکەخانەی کابول، کە دوێنێ بە هەزاران هاوڵاتیی ئەفغانی تێدابوو بەمەبەستی جێهێشتنی ئەفغانستان ئێستا چۆڵبووە و گەڕاونەتەوە ماڵەکانیان.
پێشتر هێزەکانی ئەمریکا گەشتەکانی فڕۆکەخانەی کابولیان بەهۆی دروستبوونی قەرەباڵغی لەناو فڕۆکەخانەکەدا ڕاگرت.
دوای ئەوەی دوێنێ بزوتنەوەی تاڵیبان کۆنترۆڵکردنی کابولی پایتەختی ئەفغانستانی ڕاگەیاند، هەزاران هاوڵاتیی سڤیلی ئەو وڵاتە ڕوویانکردە فڕۆکەخانەی کابول بەمەبەستی جێهێشتنی ئەفغانستان.