لە ماوەی 24 كاتژمێردا دوو وەزیری ڕژێمەكەی سەدام حسێن، كە یەكێكیان كورد بوو، گیانیان لەدەستدا.
بەگوێرەی زانیارییەكان، ئەمڕۆ دووشەممە 16ی ئاب، ئەحمەد مورتەزا وەزیری گواستنەوە لە سەردەمی ڕژێمەكەی سەدام حسێن گیانیلەدەستداوە.
سەرچاوەیەكی نزیك لە خێزانی ناوبراو بە میدیا عێراقییەكانی وتووە، “ئەحمەد مورتەزا بە نەخۆشی لە عەممانی پایتەختی ئوردن مردووە”.
هەر ئەمڕۆ هەواڵی مردنی وەزیرێكی تری سەردەمی سەدام حسێن بڵاوكرایەوە، كە ئەویش ئەرشەد زێبارییە.
زێباری خەڵكی گوندێكی سەر بە ئاكرێیە و لە سەردەمی بەعسدا چەندین پۆستی ئیداری و سەربازیی هەبووە، لەوانە فەرماندەی تیپێكی هێزی مەغاویر و پاشان پاشكۆی سەربازی بووە لە یۆگسلاڤیای جاران، دواتر زێباری كراوە بە پارێزگاری سلێمانی لە ساڵانی 1977 – 1980، هەروەها لە ساڵی 1980وە تا ڕووخاندنی ڕژێمی بەعس لە ساڵی 2003 وەزیری دەوڵەت بووە.