ئەفسەرێكی باڵای كورد لەكاتی دادگاییكردنیدا لە بەغداد هەڵات

هۆڵی دادگایەكی عێراقی فۆتۆ: AFP

ئەفسەرێكی باڵای سەربازی ئەمڕۆ لەمیانەی دادگاییكردنیدا لە بەغداد هەڵات، ئەفسەرەكە كوردە و بە گەندەڵی تێوەگلاوە.

میدیاكان بڵاویانكردەوە، ئەمڕۆ دانیشتنی دادگایی فەریق ڕوكن ئەنوەر حەمەئەمین، فەرماندەی پێشووی هێزی ئاسمانیی عێراق لە دادگای تاوانی كەرخ لە بەغداد بەڕێوەچووە.

بەپێی زانیارییەكان كە لەسەر زاری سەرچاوە ئەمنییەكانەوە وەرگیراوە، لە دانیشتنەكەدا سزای دوو ساڵ زیندانی ڕوبەڕووی ئەفسەرە باڵاكە كراوە، دوای دادگا بانگهێشتی مەفرەزەیەكی پۆلیسی ساڵحییە كراوە و تۆمەتبار براوەتە دەرەوەی دادگا، بەڵام تۆمەتبار بە هێزەكەی پۆلیسی وتووە كە پێویستی و جلوبەرگەكانی لەناو ئۆتۆمبێلەكەیدایە و دەیەوێت لەگەڵ خۆی بیهێنێت.

لەكاتی سەركەوتنی بۆ ناو ئۆتۆمبێلەكە لەگەڵ ئەفسەرێكی پۆلیسی ساڵحییە، دەمانچەی لەسەر سەری ئەفسەرەكە داناوە و بەرەو گەڕەكی عەدل هەڵهاتوون، بەپێی گێڕانەوەی میدیاكان.

هەر بەپێی سەرچاوەكان لەو گەڕەكە ڕێگری لە ئۆتۆمبێلەكە كراوە، بەڵام پێشتر تۆمەتبار بەرەو شوێنێكی نادیار هەڵاتووە و شۆفێری ئۆتۆمبێلەكە كە برازای تۆمەتبارە، دەستگیركراوە و لە ناو ئۆتۆمبێلەكەدا دەست بەسەر چەكێكی جۆری ئێم فۆڕ و دەمانچەیەكدا گیراوە.

بەپێی میدیاكان دوابەدوای ڕووداوەكە گەڕان و پشكنین لە ناوچەكەدا لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە بەردەوامە.

فەریقی یەكەم ئەنوەر حەمەئەمین لەماوەی ساڵانی 2008 تا 2018 فەرماندەی هێزی ئاسمانیی عێراق بووە، خەڵكی كەركوكە و دەرچووی كۆلێژی سەربازی ساڵی 1978ــە بە پلەی ملازم.

بابەتی پێشتر

لە ماوەی 24 كاتژمێردا دوو وەزیری ڕژێمەكەی سەدام مردن

بابەتی دواتر

فەرماندە هەڵهاتووە كوردەكە دەستگیركرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share