ئەمڕۆ هەواڵی گەرمی ڕۆژ لە میدیا جیهانییەکاندا گەڕانەوەی چەکدارانی تاڵیبان و کۆنترۆڵکردنی تەواوی ئەفغانستانە، حزبە ئیسلامییەکانی کوردستانیش بۆچوونی جیاوازیان هەیە سەبارەت بە دۆخی ئەفغانستان.
دوێنێ ئەندامێکی پێشووی سەرکردایەتیی بزوتنەوەی ئیسلامی پەیوەندی بە سەرکردەیەکی تاڵیبانەوە کردووە و پیرۆزبایی کۆنترۆڵکردنی ئەفغانستانی لەو گروپە چەکدارە کردووە.
ئیحسان عەبدولعەزیز لە فەیسبووكی خۆی نووسیویەتی، ”ئەمڕۆ ئێوارە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا قسەم کرد لەگەڵ ڕێزدار (ذبیح الله مجاهد) سەرکردەی دیاری بزوتنەوەی تاڵیبان و پیرۆزبایی سەرکەوتن و ڕزگارکردنی ئەفغانستانمان لێکردن و دڵخۆشی و پەرۆشی برایان و خوشکان و سەرکردایەتیی بزوتنەوەکەمان پێگەیاند”.
هاوکات سەڵاحەدین بەهادین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان سەبارەت بە ڕووداو و پێشهاتەکانی ئەفغانستان لە پێگەی تایبەتی خۆی لە تویتەر ڕایگەیاندووە، “تاڵیبان ئەو بزوتنەوە فەقێیانەی کە بۆ 30 ساڵ دەچێ یاریکارێکی چالاکە لە چەکداری ئیسلامی و حکومەتداری و پەیوەندیی گوماناوی، ڕوون نەبووەتەوە چۆن ساڵانێ شەریەتی لەگەڵ ئەمریکا و وەختانێکی تر ئاشت و هاوکارە؟ ئێستەش کە گەڕاوەتەوە، زوویەتی هەڵسەنگاندنی لەسەر بکرێ، چاوەڕێ بین، ئاخری خێر بێت”.
لەسەر هەمان پرس عەبدولستار مەجید، ئەندامی سەرکردایەتیی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان ڕایگەیاندووە، ”دۆخی هەرێم و ئەفغانستان لە کۆمەڵێک خاڵدا هاوبەشە و لەیەک دەچێت، بۆیە دەبێت ئاگاداری چەند شتێک بین بۆ ئەوەی حکومەت هەمان چارەنووسی نەبێت”.
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی کۆمەڵی دادگەری ڕاشیگەیاندووە، “هێزەکانی دەسەڵات دەبێت واز لە قۆرخکاری بهێنن و خەڵکی ئاشتبکەنەوە، هاوکات یەکڕیزی و تەبابن و هێندەش پشت بە بێگانە نەبەستین”.
حکومەتی ئەفغانستان دوای 20 ساڵ هەوڵدانی ئەمریکا بۆ کەوتنەسەرپێ و خۆگرتنی، بەڵام لەماوەی کەمتر لە مانگێكدا بەرامبەر چەکدارانی تاڵیبان کەوت و هیچ شەڕ و بەرگرییەكی ئەوتۆی نەکرد.