دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران ڕایگەیاند، لە ماوەی 7 مانگی ڕابردوودا 37 هەزار و 72 کۆچبەر لەلایەن تورکیاوە دیپۆرتکراونەتەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی ڕێکخراوەکە، کە وێنەیەکی بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا نێردراوە تێیدا هاتووە، ” لەو کۆچبەرانەی دیپۆرت کراونەتەوە، زیاتر لە 12.800 کۆچبەریان ئەفغانی بوون و 5.840 پاکستانی بوون و 18.339 کۆچبەریش لە نەتەوەکانی دیکە بوون”.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، لەناو ئەو کەسانەی دیپۆرتکراونەتەوە 6 کۆچبەری عێراقی هەبووە کە بە ڕەزامەندی خۆی گەڕاوەتەوە هەرێمی کوردستان.
ئەو 6 کۆچبەرە عێراقییە دوێنێ، بەرواری 14ی ئاب لە ڕێگای فڕۆکەخانەی هەولێری نێودەوڵەتییەوە گەیشتوونەتەوە خاکی هەرێمی کوردستان.
لە ماوەی ڕابردوودا بەهۆی ناسەقامگیری ئەفغانستانەوە، کۆچبەرێکی زۆر لە ڕێگەی ئێرانەوە خۆیان گەیاندووەتە باکوری کوردستان و لەوێوە هەوڵیانداوە بگەنە ئەوروپا، بەڵام تورکیا مامەڵەی توندی لەگەڵ ئەفغانییەکان کردووە و بەشێکی زۆری کۆچبەرەکانی دەستگیرکردووە و پاشان دیپۆرتی کردوونەتەوە.