لەپای كوشتنی هاوڵاتییەكی باشوور، هەپەگە هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە لە توركیا دەكات

هێزەكانی پاراستنی گەل هەپەگە هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە لە توركیا دەكات لەپای كوشتنی هاوڵاتییانی سیڤیل.

دوای شەهیدبوونی هاوڵاتییەك لە ناحیەی كانی ماسی بە بۆردومانی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا، ناوەندی چاپەمەنی و ڕاگەیاندنی هەپەگە ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند، “لە ڕۆژی 13ی ئاب، هاوڵاتییەکی تەمەن 50 ساڵ و باوکی شەش منداڵ بەناوی ئیبراهیم حەسەن کە خەڵکی گوندی دێشیشێ-ی ناحیەی کانی ماسیی باشووری کوردستانە، لەکاتێکدا کە خەریکی کارکردن بوو لە ناو باخەکەی خۆیدا کەوتەبەر هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و شەهید بوو”.

هەپەگە باس لەوە دەكات كە تورکیا کوشتنی خەڵکی بێتاوانی کردووەتە کەلەپوور و دەیەوێت وەک شتێکی ئاسایی بەسەر هەموو لایەکدا بیسەپێنێت و دەڵێت، “سوپای داگیرکەری تورکیا کە وێڕای بەکارهێنانی هەموو ئیمکانییاتی سەربازیی خۆی بەهۆی خۆڕاگریی گەریلای ئازادی کوردستان ناتوانێت پێشڕەیبکات و هەموو ڕۆژێک گورزی بەردەکەوێت، بە بێبەزەییانە و ترسنۆکانە هێرشی خەڵکی مەدەنی دەکات. دەوڵەتی داگیرکەر و جینۆسایدکاری تورکیا کوشتنی خەڵکی بێتاوان و کەسانی مەدەنیی کردووەتە کەلەپوورێک بۆ خۆی و دەیەوێت ئەمە وەک شتێکی ئاسایی بەسەر هەموو لایەکدا بسەپێنێت”.

لەدرێژەی ڕاگەیەندراوەكەی هەپەگەدا هاتووە، “سوپای تورکیا بەتایبەت لەو هەرێمانەی کە لە بەرامبەر خۆڕاگریی گەریلا تووشی شکست دەبێت، بە ئەنقەست شوێنی مەدەنی بۆردمان دەکات و هاوڵاتییان کۆمەڵکوژ دەکات. ئارمانجی سوپای داگیرکەر ئەوەیە کە بە راماڵینی کورد لە ئەم هەرێمانە، پیلانە داگیرکەرییەکانی هەنگاو بە هەنگاو جێبەجێ بکات. بەڵام گەلی نیشتمانپەروەری باشووری کوردستان لەبەرامبەر ئەم سیاسەتانە سەر دانانەوێنێت، خاک و زێدی خۆی بەجێناهێڵێت و سیاسەتی کۆمەڵکوژی و جینوسایدی دەوڵەتی تورکیا پووچەڵ دەکاتەوە”.

لە كۆتایی ڕاگەیەندراوەكەیدا هەپەگە هەڕەشە لە توركیا دەكات و دەڵێت، “لێرەدا ڕایدەگەیەنین کە مسۆگەر حیسابی ئەم کۆمەڵکوژییانە لە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا دەپرسین”.

بابەتی پێشتر

ئەمریكا 500 هەزار ژەمە ڤاکسینی دایە عێراق.. پشکی هەرێمیشی تێدایە

بابەتی دواتر

باكووری كوردستان.. لە هێرشێکی سوپای تورکیادا دوو جوتیاری کورد برینداربوون

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share