ئیدارەی خۆسەری لە ڕۆژئاوای کوردستان نیگەرانە لە زیاتربوونی جووڵەكانی داعش، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات هاوکاری بکەن لە پاراستنی ئاسایشی ناوچەکەدا.
لە ڕاگەیەندراوێکدا، ئیدارەی خۆسەر داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات هاوکاریان بن لە کۆنترۆڵکردنی ئاسایشی ناوچەکە، چونکە داعش مەترسیی دروستکردووە و چالاکییەکانی زۆر بووە.
ڕاگەیەندراوەکەی خۆسەر لە ساڵیادی کۆمەڵکوژی “شەعیتات”دایە، کە 7 ساڵ پێش ئێستا چەکدارانی داعش لە دیرەزور و گوندی بەلدات و ئەبو حەمام سەدان کەسیان کۆمەڵکوژکرد، کە بەشێک لەو خەڵکەی کوژران، منداڵ بوون.
چالاکیی چەکدارانی داعش تەنها لە ڕۆژئاوای کوردستان مەترسیی دروستنەکردووە، بەڵکو دوێنێ شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق ڕایگەیاند، زانیارییان هەیە چەند چەکدارێکی داعش لە نێوان خاکی سوریا و عێراق هاتوچۆ دەکەن و ئەگەری هەیە بیانەوێت چالاکی ئەنجام بدەن.