بافڵ تاڵەبانی: دەمانەوێت حزب خزمەتكار بێت، نەوەك بار بەسەر شانی خەڵكەوە

هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، هەموو ئەو گۆڕانكارییانەی لەماوەی ڕابردوودا ڕوویانداوە لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی و گەڕاندنەوەی شكۆ بووە بۆ یاسا، ” دەمانەوێت حزب خزمەتكار بێت، نەوەك بار بەسەر شانی خەڵكەوە”.

بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە لە دەباشان پێشوازیكرد لە هانس ئاکیربووم، كونسوڵی گشتیی هۆڵەندا لە هەرێمی كوردستان، لەدیدارێكدا دوایین پێشهات و گۆڕانكارییەكانی هەرێم و عێراق تاوتوێكران و گفتوگۆ لەبارەی دۆخی ناوخۆی یەكێتی، ئەنجامدانی گۆڕانكاری و چاكسازییەوە كرا.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكە، بافڵ تاڵەبانی هەڵوێست و ستراتیژی یەكێتی ڕوونكردەوە و ڕایگەیاند، “ئامانجی ئێمە یەكڕیزیی كورد و دەستەبەركردنی ژیانێكی شایستەیە بۆ خەڵكە خۆشەویستەكەمان، کۆدەنگی و لێکتێگەیشتنی هاوبەشە سەبارەت بە پرسە نیشتمانییەکان و یەکخستنی ناو ماڵی کوردە، هەوڵدانە بۆ بەدەستهێنانی مافە دەستوورییەكانمان و بەهێزكردنی پێگەی هەرێمە لە بەغداد، هێزە کوردییەکان لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق یەکهەڵوێست بن، تاوەکو هەموومان پێکەوە کوردستانێکی بەهێز و ئارام بونیادبنێین و هاوڵاتییانمان ژیانێکی ئارام و سەقامگیریان هەبێت، دروستکردنی هاوپەیمانی کوردستانیش لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان هەر لەوپێناوەدا بووە”.

وتیشی، “دەمانەوێت یاسا سەروەربێت و ڕوبەڕووی گەندەڵی ببینەوە، قاچاخچێتی، دەستخستنە بینەقاقای بازرگانان بنبڕبکەین و ڕێگە لە بەهەدەردانی سامانی گشتی بگرین”.

لەبارەی ئەو گۆڕانكارییانەی لەماوەی ڕابردوودا لەناوخۆی یەكێتی ئەنجامدراون، هاوسەرۆك وتی، “هەموو ئەو گۆڕانكارییانەی لەماوەی ڕابردوودا ڕوویانداوە لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی و گەڕاندنەوەی شكۆ بووە بۆ یاسا، دوورخستنەوەی ئەو كەسانە بووە كە یەكێتییان بۆ بەرژەوەندیی تایبەت بەكارهێناوە و لە گەندەڵییەوە تێوەگلاون، حزبیان بۆ مەرامی شەخسی بەكاردەهێنا و لە ڕێبازی پیرۆزی مام لایاندابوو، ئێمە دەمانەوێت حزب خزمەتكار بێت نەوەك بار بەسەر شانی خەڵكەوە”.

یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو، بافڵ تاڵەبانی ڕایگەیاند، یەكێتی لەگەڵ یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و دروستكردنی هێزێكی نیشتمانییە كە پارێزگاری لەبەرژەوەندییە نەتەوەییەكان بكات، بۆ ئەمەش یەكێتی ئامادەی هەموو پشتیوانییەكە.

لەبەرامبەر هاریکاری و هاوکاریی نێوان هەرێمی کوردستان و هۆڵەندا، جەخت لەپەرەپێدانی پەیوەندییەکان و هەماهەنگی زیاترکرایەوە لەبوارەکانی ئابوری و پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵ، كونسوڵی هۆڵەندا پشتیوانیی وڵاتەكەی بۆ ئەنجامدانی چاكسازی و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی زیاتر بۆ خەڵك دووپاتكردەوە و ڕایگەیاند، “ئێمە لەگەڵ دابینکردنی ژیانێکی ئارام و سەقامگیرین بۆ خەڵک، چاکسازی ڕێڕەوەی خۆی وەرگرێت و ئاسایش بەرقەراربێت”.

بابەتی پێشتر

ڕۆناڵدینیۆ بۆ مێسی و ڕامۆس: بۆنی پاڵەوان دەکەم

بابەتی دواتر

مێسی: یاریکردن لەگەڵ مباپێ و نێیمار شێتانەیە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share