دواجار دۆخی ئەفغانستان ترسی خستە دڵی ڕوسیاوە

دواجار ڕوسیا جۆرێك لە ترسی لە پێشڕەوییەكانی تاڵیبان لێنیشت، نیگەرانە لە ئەگەری دزەكردنی تیرۆریستان بۆ ڕوسیا.

سێرگی شویگۆ وەزیری بەرگریی ڕوسیا لە كۆڕبەندێكی تایبەت بە گەنجاندا لە مۆسكۆ، قسەی لەسەر دۆخی ئەفغانستان كردووە، ڕایگەیاندووە، تاڵیبان سنووری ئەفغانستانی لەگەڵ وڵاتانی ئۆزبەکستان و تاجیکستان كۆنترۆڵكردووە، مەترسیی ئەوەی نیشاندا، “هەڕەشەکانی وەک قاچاخچێتیی ماددەی هۆشبەر و دزەکردنی تیرۆریستان لە ئەفغانستانەوە لە ڕێگەی تاجیکستان، قرغیزستان و ئۆزبەکسانەوە بۆ ڕوسیا لە ئارادایە”.

بۆیە وەزیری بەرگریی ڕوسیا بە پێویستی زانی، وڵاتانی ناوچەكە لە ئامادەباشیدا بن دژ بە ئەگەرێكی لەو شێوەیە.

شویگۆ وتیشی، هەرچەندە سەرکردەکانی تاڵیبان دڵنیایی بدەن لەوەی كە ئەگەرێكی لەو شێوەیە لە ئارادا نابێت بۆ بەزاندنی سنوور و هێرشکردنە سەر ناوچەکان، بەڵام “بەلای ئێمەوە ئامادەباشیی هێزە سەربازییەکانی تاجیکستان و ئۆزبەکستان بەرامبەر هەر ئەگەرێک کارێکی زۆر پێویستە، بە دڵنیایییەوە ئەوەی لەدەستمان بێت لەو بارەیەوە ئەنجامی دەدەین”.

وەزیری بەرگریی ڕوسیا ئاشكراشیكرد، سەربازانی تاجیکستان و ئۆزبەکستان لە نزیک سنووری ئەفغانستان مانۆڕیان ئەنجامداوە و ئەو مانۆڕانەش بەردەوام دەبن، ئەمە جگە لەوەی ئەوەی بیرهێنایەوە، کە ڕوسیا بنکەی خۆی هەیە لە تاجیکستان و قیرغزستان.

بابەتی پێشتر

سەرۆكی فەرەنسا داوایەك ئاراستەی سەرۆكی ئێران دەكات

بابەتی دواتر

ماربۆرگ.. مەترسییەكانی ڤایرۆسە نوێكە بزانە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share