ئەگەری دیداری پوتین و زیلینسكی هەیە
ڕوسیا و ئۆكرانیا لە ڕێككەوتنی ئاشتی نزیكدەبنەوە

ڤۆلۆدیمێر زیلینسكی و ڤلادیمێر پوتین

وتوێژكارێكی ئۆكرانی ڕایدەگەیەنێت، مۆسكۆ پێیوایە بەڵگەنامەی ڕەشنوسی ڕێككەوتنی ئاشتی گەیشتووەتە قۆناغێكی پێشكەوتووی وا كە دەكرێت ببێتەهۆی وتووێژی ڕاستەوخۆ لەنێوان ڤلادیمێر پوتین و ڤۆلۆدیمێر زیلینسكی.

ئاژانسەكانی هەواڵ بڵاویانكردەوە دیڤید ئەراخامیا وتووێژكاری ئۆكرانی بە تەلەفزیۆنی وڵاتەكەی ڕاگەیاندووە ڕوسیا بەشێوەی زارەكی كۆی هەڵوێستەكانی ئۆكرانیای قبوڵكردووە جگە لەو هەڵوێستەی پەیوەندیدارە بە قرم-ەوە.

وتیشی، هەر دیدارێكی چاوەڕوانكراو لەنێوان ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی ڕوسیا ڤۆلۆدیمێر زیلینسكی-ی هاوتا ڕوسییەكەی “زۆر ئەگەری هەیە” لە توركیا بێت.

بەپێی وتەی وتوێژكارە ئۆكرانییەكە “هیچ دووپاتكردنەوەیەكی ڕەسمی و نوسراو نییە” بەڵكو ڕوسیا بە زارەكی ڕەزامەندی دەربڕیوە.

ڕوونیشیكردەوە، مۆسكۆ لە گفتوگۆكاندا ڕەزامەندی داوە لەسەر ئەنجامدانی ڕاپرسی لەسەر بێلایەنبوونی ئۆكرانیا “كە تاكە ڕێگایە بۆ دەرچوون لەم دۆخە”.

لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا كە ئایا چی ڕوودەدات گەر ئۆكرانییەكان دژ بە بێلایەنی وڵاتەكەیان دەنگبدەن، ئەراخامیا وتی، “یان دەگەڕێینەوە بۆ دۆخی شەڕ، ڕەنگە، یان جارێكی دیكە دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكان”.

كرملین جەختدەكاتەوە لەسەر بێلایەنیی ئۆكرانیا و نەچوونەپاڵ هاوپەیمانیی باكووری ئەتڵەسی.

بەمەبەستی میوانداریكردنی دیداری لوتكە لەسەر خاكی وڵاتەكەی، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا پەیوەندی بە بەرپرسانی ئۆكرانیا و ڕوسیاوە كردووە، بەڵام وتوێژكارە ئۆكرانییەكە وتی، “وادە و شوێنەكەش نەزانراون، بەڵام باوەڕمانوایە شوێنە بەئەگەرێكی زۆرەوە لە ئەنقەرە یان ئەستەنبوڵ دەبێت”.

لە 24ی شوباتی ڕابردووەوە شەڕی ڕوسیا بۆسەر ئۆكرانیا دەستیپێكردووە، هەفتەی ڕابردوو شاندی دانوستانكاری هەردوولا گەیشتنە هەنگاوە سەرەتاییەكانی لێكتێگەیشتن.

بابەتی پێشتر

هەرێمی كوردستان لە بەردەم هاوینێكی گەرمتردایە

بابەتی دواتر

لە سلێمانی بەهۆی نەبوونی دەرمان بەشێک لە نەخۆشخانەکان خزمەتگوزارییەکانیان ڕادەگرن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share