سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی ڕۆژنامەنووسان سەبارەت بە پرسی ڕێکخستنەوەی دەزگا میدیاییەکانی یەکێتی، داوای پاراستنی مافی ئەو ڕۆژنامەنووسانە دەکات، کە “کاریان بۆ میدیای فەرمیی لاهور شێخ جەنگی کردووە”، دووپاتیشیدەكاتەوە، كاری ڕۆژنامەوانیی پیشەیی جیاوازە لە كاری سوپای ئەلیكترۆنیی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان.
سەنتەری میترۆ لە ڕاگەیەندراوێکدا جەخت لە پاراستنی مافی ڕۆژنامەنووسەکانی ناو میدیاکانی سەر بە لاهور شێخ جەنگی دەکاتەوە و دەڵێت، “سەنتەری میترۆ هەمان هەڵوێستی پێشووی خۆی لە كۆبوونەوەیدا لەگەڵ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، دەربارەی ئەم پرسە دووبارە دەكاتەوە”.
داواکارییەکانی سەنتەری میترۆ كە لە ڕاگەیەندراوەكەیدا ئاماژەی پێداون، بریتین لە :
1- یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئازادە لە شێوازی ڕێكخستنەوەی ئەو دەزگایانەی كە بە بودجەی حزبەكەی بەڕێوەدەبرێن، بەڵام نابێت بەندەكانی یاسای ڕۆژنامەگەریی دەربارەی مافەكانی ئەو كارمەندانە، ببەزێنێت.
2- ئەو كارمەندانەی لە میدیاكانی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لاهور شێخ جەنگی، كاریان كردووە، درك بەوە دەكەن كە سیاسەتی میدیایی گۆڕانكاری بەسەردا دێت، لە بڕگەی شەشەم لە ماددەی حەوتەمی یاسای ڕۆژنامەگەریدا ئاماژەی پێكردووە كە ڕۆژنامەنووس دەتوانێت خۆی گرێبەستەكە هەڵبوەشێنێتەوە، واتا تۆ سیاسەتی نوێت قبوڵ نییە، خۆت بڕیار دەدەیت لەو دەزگایە كاربكەیت یان كارنەكەیت.
3- جیاوازیی هەیە لە نێوان كاری ڕۆژنامەنووسی پیشەیی و كاری سوپای ئەلیكترۆنیی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، ئەمەیان لە یاسای ڕۆژنامەگەری هیچ ئاماژەیەكی پێنەكراوە.