پارێزگاری هەولێر: بۆ ڕوبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی 180 بیری نوێ و لەکارکەوتوومان خستووەتەکار

لە پارێزگای هەولێر لەچێوەی پلانی ڕوبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی و کەمئاوی 180 بیر خراونەتەکار، بەشێک لەوانە ئەمساڵ دروستکراون و بەشێکیشیان کێشەکانیان چارەسەرکراون و خراونەتەوەکار.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، “ئێستا هەرێمی کوردستان و هەولێر لە قەیرانێکی وشکەساڵیی گەورەدان، هەولێر پشت بە دوو سەرچاوەی ئاوی ژێر زەوی و سەرچاوەکانی دەوروبەری هەولێر دەبەستێت، نیشانەکانی وشکەساڵی لە سەرچاوەی ژێر زەویدا لە مانگی ئایارەوە دەرکەوتوون وەک کەمبوونەوە و وشکبوونی ئاوی بیرەکان”.

لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا لە سەرچاوەکانی دیکەی ئاوی ماڵاندا لە شاری هەولێر کێشە دروستبوو، هۆکارەکەشی بارانبارین و دروستبوونی شێلوو بوو لە ئاوی سەرچاوەکاندا.

پارێزگاری هەولێر لەوبارەیەوە وتی، “کێشەی ئاوی ماڵانی هەولێر چارەسەرکراوە و ئێستا بەشێکی زۆری گەڕەکەکان ئاویان بۆ گەڕاوەتەوە تەنها بەشێکیان نەبێت کە تائێستا بێئاون ئەوەش بەهۆی پڕنەبوونەوەی تۆڕەکانی ئاو”.

ئاماژەی بەوەکرد، “لەچێوەی پلانی ڕوبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی لە پارێزگای هەولێر, 32 بیری نوێ دروستکراون و 150 بیریش کە پێشتر کێشەیان تێدابووە و لەکارکەوتوون کێشەکانیان چارەسەرکراون و خراونەتەوەکار”.

بەپێی بەدواداچوونەکانی ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی پارێزگای هەولێر, لە ئەمساڵدا بیرلێدان پیویستی بە چەند بەرامبەر هەڵکەندن هەیە بەراورد بە ساڵانی پێشوو بەهۆی کەمئاوی و کەمبوونەوەی زۆری ئاستی ئاوی ژێرزەوی.

بابەتی پێشتر

سەنتەری میترۆ: یەکێتی ئازادە لە ڕێکخستنەوەی میدیاکانی، كاری میدیاش جیاوازە لە كاری سوپای ئەلیكترۆنی

بابەتی دواتر

فوئاد حسێن نامەیەکی کازمى دەدات بە سەرۆکی ئێران

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share