شەپۆلێکی دیکەی کۆچی گەنجانی هەرێمی کوردستان ڕووەو وڵاتانی ئەوروپا دەستیپێکردووە و بەپێی ئامارێکی بەردەستی لیژنەی ڕەوەندی کوردستانی لە پەرلەمانی کوردستان، ئەمساڵ نزیکەی 14 هەزار و 500 گەنج هەرێمی کوردستانیان بەجێهێشتووە.
ڕێبوار بابکەیی، سەرۆکی لیژنەی پهیوهندییهكان و ڕهوهندى كوردستانی لە پەرلەمانی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە 21ی تشرینی یەكەم ڕایگەیاند، بەداخەوە لەبەر هەندێک هەلومەرج و هۆکاری بابەتی شەپۆلی کۆچی گەنجان جارێکی دیکە دەستی پێکردووەتەوە و “کێرڤی سەرهەڵگرتنی گەنجان ڕووەو ڕۆژئاوا بەرزبووەتەوە”.
وتییشی، “بەدواداچوونێکی قوڵ و مەیدانیمان کرد لەسەر ئەو بابەتە و لە بەرئەنجامەكەی ڕاپۆرتێکمان ئامادەکردووە و تیایدا کۆمەڵێک هۆکارمان دەستنیشانکردووە و 12 خاڵیشمان وەك ڕاسپاردەی چارەسەر ئامادەکردووە، داواشمان كردووە دانیشتنێکی پەرلەمان سازبکرێت بەئامادەبوونی وەزیرە تایبەتمەندەکان”.
دەربارەی ئەو ئامارانەی لەبەردەستییانن ڕێبوار بابكەیی ئەوەی خستەڕوو، ئەوەی ئێستا لەبەردەستیاندایە “نزیکەی 14 هەزار و 500 گەنج سەریان هەڵگرتووە و ڕووەو رۆژئاوا کۆچیان کردووە و 27 کەسیش بێسەروشوێنن، جگە لەوە هەندێک ئاماری دیکەشمان لەبەردەستە کە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان پێیانداوین لە شەش ساڵی ڕابردوودا نزیکەی 450 هەزار کەس، عێراق و هەرێمی کوردستانیان بەجێهێشتووە”.
لەگەڵ ئەوەشدا پێیوایە كە “ئامارەکان وردنین” بەهۆی ئەوەی بەشێکی ئەو ئامارانە پشتی بە پێوەری وەرگرتنی ڤیزای تورکیا بەستووە کە ئەمساڵ لەلایەن گەنجانەوە وەرگیراوە.
دەربارەی زیانەکانی دەستپێکردنەوەی لێشاوی کۆچی گەنجان سەرۆکی لیژنەی پهیوهندییهكان و رهوهندى كوردستانی پەرلەمان وتی، “چوونی گەنجان بە لێشاو و پۆل بە پۆل بۆ دەرەوەی وڵات کاریگەرییەکی نەرێنی دەکاتە سەر ئاسایشی مرۆیی، چونکە گەنج سەرمایەیەکی مرۆیی گەورەیە و ئەگەر بەو فراوانییە کۆچ بەردەوام بێت لە ماوەیەکی دیکە ناتوانین بڵێین کۆمەڵگای کوردستان کۆمەڵگایەکی گەنجە و هێزی کار و هێزی بەرگریی و هێزی ئاوەدانی و بنیاتنان نامێنێت لە هەرێمی کوردستاندا”.
دەربارەی هۆكارەكانی كۆچی گەنجانیش ئەوەی خستەڕوو، سەرەکیترین هۆکارەکان، لایەنی ئابوری، دۆخی سیاسی، ناتەبایی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکان، نادادپەروەری و گەندەڵی گەنجی تووشی نامۆبوون و بێ ئومێدی کردووە و هەستی نەتەوەخوازی و نیشتمانخوازی لاواز کردووە، بۆیە ڕوو لە دەرەوە دەکات و هەست دەکات کە لێرە بوونی نەماوە و لە جوگرافیایەکی دیکە دەیەوێت خۆی بدۆزێتەوە.