سكاڵای یاسایی لەدژی حەسەن ڕوحانی و وەزیری نەوت تۆماركرا

لیژنەی دەستووریی پەرلەمانی ئێران, سكاڵای لەدژی حەسەن ڕوحانی سەرۆككۆماری پێشووی ئێران و بێژەن زەنگەنە وەزیری نەوت تۆماركرد، بەهۆی كەمتەرخەمی و خراپ بەڕێوەبردن.

ئاژانسی “تەسنیم”ی ئێرانی لەزاری سەرچاوەیەكی نێوخۆیی وڵاتەكەیەوە بڵاویكردەوە، لیژنەی دەستووریی پەرلەمانی ئێران بەهۆی كەمتەرخەمی لە پرۆژەی بۆری نەوتی نوێ بۆ بەندرەی “جاسك”، كە پێش تەواوبوونی كراوەتەوە و زیانێكی زۆر بەر پرۆژەكە كەوتووە، سكاڵای یاسایی لە دژی حەسەن ڕوحانی و بێژەن زەنگەنە تۆماركردووە.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، “ڕوحانی بەهۆی خراپ بەكارهێنانی ئیدارە و كەمتەرخەمییەوە سكاڵای لەسەر تۆماركراوە”.

هاوكات حەسەن میرزائی، ئەندامی لیژنەكە بە ئاژانسەكەی وتووە، “بەپێی ماددەی 90ی دەستووری ئێران سكاڵاكەمان تۆماركردووە و بەهۆی پێشێلكردنی دەستوورەوە، كە لەو پرۆژەیەدا تایبەتبووە بە گواستنەوەی نەوت، چەند كێشەیەكی هونەری بۆدروستبووە و بەهۆی ئەوەی پێش تەواوبوونی حەسەن ڕوحانی بڕیاری كردنەوەی داوە”.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share