بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی هاوار نیوز، پارتى دیموکراتى کوردستان لە دەروازەی پێشخابوور ڕێگریی کردووە لەو خانەوادەیەی بڕیاربوو بۆ زانینی چارەنووسی كوڕێكی گەریلایان، بێنە هەرێمی كوردستان.
وەک سەرچاوەکە بڵاویکردووەتەوە، “سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ خانەوادەی (دژوار بەرخۆدان) یەکێک لەو گەریلایانەی کە لە سنووری خەلیفان لەلایەن هێزەكانی پارتییەوە هێرشیان کرایەسەر، لە شاری حەسەکەوە بەرەو دەروازەی سێمێلکا بەڕێکەوتن، تاکو بێنە باشووری کوردستان و چارەنووسی دژوار و دوو گەریلاکەی دیکەیان بۆ ڕوونببێتەوە، ئایا چۆن ڕفێندراون و ئێستا لەکوێن؟ بەڵام ڕێگەیان پێنەدراوە بێنە ناو هەرێمەوە”.
سەرچاوەکە ڕوونیکردووەتەوە، “پارتى دیموکراتى کوردستان لە دەروازەی سنووریی پێشخابوور ڕێگرییان لە هاتنەناوەوەى خانەوادەی ئەو گەریلایە کردووە، بۆیە خانەوادەکە بەناچاری گەڕاونەتەوە دیوی سێمێلکای دەروازە سنوورییەکە”.
چەند ڕۆژێك لەمەوبەر هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە) لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد، “ڕۆژی 26ی تەمموز پۆلێك گەریلا لەلایەن هێزەكانی پارتییەوە گەمارۆدراون و هێرشكراوەتە سەریان و چارەنووسیان نادیارە”، داواشی لە پارتی كرد لەبارەی چارەنووسی ئەو گەریلایانەوە ڕوونكردنەوە بدات.