وەزیری دەرەوەی عێراق بانگێشتنامەیەكی سەرۆك وەزیرانی ڕادەستی سەرۆكی توركیا كرد بۆ ئامادەبوون لە كۆبوونەوەی سەرانی وڵاتانی دراوسێی عێراق كە بڕیارە لە كۆتایی ئەم مانگە لە بەغداد بەڕێوەبچێت.
بەپێی بەیاننامەیەكی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا پێشوازی لە فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق كردووە و تیایدا، وەزیری دەرەوە نامەیەكی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی ڕادەستی ئەردۆغان كردووە بۆ ئامادەبوون لە كۆبوونەوەی لوتكە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، “لەدیدارەكەدا تاوتوێی چەند پرسێكی پەیوەندیدار بە پەیوەندییە دووقۆڵییەكان و دۆخی ناوچەكە كراوە”.
بەپێی میدیاكانی توركیا كۆبوونەوەكە لە كۆشكی وەحدەددین لە ئیستانبول دوور لە چاوی كامێراكان بەڕێوەچووە و 40 خولەكی خایاندووە.
وڵاتانی دراوسێی عێراق بریتین لە، توركیا، ئێران، سوریا، ئوردون، كوەیت و سعودیە.
كۆبوونەوەكە كە بڕیارە لە كۆتایی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت، ئامانج لێی تاووتوێكردنی ئالنگارییە سیاسییەكان و ئاسایشی ناوچەكەیە.
ڕۆژی سێشەممەی ڕابردووش خالد بتال وەزیری پلاندانانی عێراق نامەیەكی دەستنوسی كازمی ڕادەستی شێخ نواف ئەحمەد جابر لسوباح ئەمیری كوەیت كرد بۆ ئامادەبوونی لە لوتكەكە.
چاوەڕوانیش دەكرێت لە چەند ڕۆژی ئایندەدا نێردراوانی دیكەی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانی ئەودوای وڵاتانی دیكەی دراوسێ بكەن بۆ هەمان مەبەست، جگە لە چەند وڵاتێكی دراوسێی هەرێمایەتی و ژمارەیەك لە وڵاتانی ئەوروپیش كە بڕیارە بەشداربن.
بەپێی ڕۆژنامەی (شەرقل ئەوسەت) كۆبوونەوەكە لە 10 ڕۆژی كۆتایی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت و تەنها لە وڵاتانی دراوسێ و عەرەبی و ئیسلامیدا كورت ناكرێتەوە، بەڵكو چەند وڵاتێكی دیكەش دەگرێتەوە.
لەسەر زاری بەرپرسێكیشەوە، كە ناوی ئاشكرانەكردووە، دەڵێت، “گرنگترین ئەو پرسانەی كۆبوونەوەی لوتكە تاووتوێیدەكات ئالنگارییە سیاسی و ئەمنییەكانە كە وڵاتانی ناوچەكە ڕوبەڕووی دەبنەوە لەسەر ئاستی پەیوەندییە دووقۆڵییەكان بێت یان لەسەر ئاستی كۆی ئاڵوگۆڕ و گۆڕانكارییە هەرێمایەتییەكانی ئێستا و ئایندە”.
ئەوەشی وت، “لایەنێكی دیكە كە چاوەڕوان دەكرێت لە كۆنگرەكەدا گفتوگۆی لەسەربكرێت ئابوری و وەبەرهێنانە لەژێر ڕۆشنایی پەیوەندییە تەواوكارییەكانی نێوان وڵاتان”.
سەرچاوەكە ئاماژەی بۆ ئەوەشداوە، “گرێدانی ئەو كۆنگرەیە لە بەغداد، یەكەمین لەو جۆرە دەبێت لەدوای ساڵی 2003 لەسەر ئەو ئاستە، ئامانجیش لێی گەڕاندنەوەی ڕۆڵی هەرێمایەتی و كاریگەری عێراقە، كە پێشتر بەهۆی سیاسەتی ڕژێمی پێشووەوە پاشەكشەی كردبوو، بەتایبەت دوای داگیركردنی كوەیت لە ساڵی 1990”.
س: میدیاكان