10 ئەندامی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا، دەنگیان دا بە پرۆژەیاسایەك بۆ كۆتاییهێنان بە بەكارهێنانی هێز لە عێراق.
پرۆژەیاساكە ئەو دوو ڕێگەپێدانە هەڵدەوەشێنێتەوە، كە لە ساڵانی 1991 و 2002 پەسەندكراون و ڕێگەیان دەدا بە ئەمریكا هێز لە عێراق-دا بەكاربهێنێت.
ڕۆژنامەی “وۆڵ ستریت جۆرناڵ”ی ئەمریكی ئەمڕۆ هەینی 6ی ئاب، ناوەڕۆكی پرۆژەیاساكە و هەوڵەكانی كۆنگرێسی بۆ پەسەندكردنی ئاشكراكردووە و بڵاویكردووەتەوە، پرۆژەیاساكە لەلایەن هەردوو سیناتۆر تۆد یۆنگ و تیم كین-ـەوە ڕابەرایەتی و سەرپەرشتی دەكرێت.
ڕوونیكردووەتەوە كە بە پەسەندكردنی ئەو پرۆژەیاسایە، هەردوو ڕێگەپێدانەكەی ساڵانی 1991 و 2002 هەڵدەوەشێندرێنەوە كە كۆنگرێس پەسەندیكردبوون و بەو پێیە ڕێگە بە كۆشكی سپی دەدرا سوپای ئەمریكا لە خاكی عێراق-دا بەكاربهێنێت.
ڕۆژنامەكە باس لەوە دەكات كە پرۆژەیاساكە بەهێزە، چونكە نوێنەرانی هەردوو پارتی كۆماری و دیموكراتخوازەكان بەشدارن لە داڕشتنیدا.
پەسەندكردنی پرۆژەیاساكە، پێویستی بە دەنگی 60 ئەندامی ئەنجومەنی پیرانە كە ژمارەیان 100 ئەندامە، هەروەها دەبێت بە لایەنی كەمەوە 10 ئەندامی كۆمارییەكان دەنگی پێبدەن، بۆیە بە دەنگدانی ئەو 10 ئەندامە كۆمارییە، بەربەستەكە تێپەڕێندراوە و پێشبینی دەكرێت پرۆژەیاساكە پەسەند بكرێت.
ئەم پێشهاتە، لە چوارچێوەی هەنگاوەكانی ئەمدواییەی ئیدارەی ئەمریكا-دا دێت كە ستراتیژێكی نوێی گرتووەتەبەر بۆ بڵاوكردنەوە و بەكارهێنانی هێز لە دەرەوەی وڵاتەكە، یەكەم هەنگاویش كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە ئەفغانستان و بەدواشیدا كەمكردنەوەی هێزەكانیان لە عێراق-دا بوو.