ڕەئیسی لە یەكەم وتاری سەرۆكایەتیدا: دەستی هاوڕێیەتی بۆ سەرجەم وڵاتانی ناوچەكە ڕادەكێشم

ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆك كۆماری نوێی ئێران

سەرۆكی نوێی ئێران ئەمڕۆ لە بەردەم ئەنجومەنی شورای ئیسلامیی وڵاتەكەی سوێندی یاسایی خوارد و بەمەش خولی سیانزەیەمینی سەرۆكایەتیی كۆماری ئیسلامی دەستپێكرد.

ئیبراهیم ڕەئیسی، لە وتەیەكدا لە پەراوێزی سوێندە یاساییەكەی وتی، ئیرادەی گەلی ئێران خۆی لە درێژەپێدان بە ڕێڕەوی شۆڕش و، پێكهاتەی وڵات لەسەر ڕێگای ئازادی و دادپەروەری و پەرەپێدان دەبینێتەوە.

وتیشی، “فەخر و شانازی دەكەم بەوە ببمە خزمەتكاری گەلی ئێران و پاسەوانی بەهاكانی شۆڕش”.

ڕەئیسی ئەوەشی خستەڕوو، “دوژمنانی ئێران جەنگی دەرونیمان بەرامبەر ئەنجامدەدەن و لەڕووی ئابورییەوە بایكۆتمان دەكەن، بەڵام هەڵبژاردنەكان سەرەتای بەرەوپێشەوەچوونی گەلە”.

سەرۆكی نوێی ئێران ئاماژەی بەوەشكرد كە خواست گەلی ئێران لە حكومەتە نوییەكەی ئەوەیە كە بەرگری لە مافەكانی مرۆڤ بكات و خۆی لە ستەم بێبەری بكات لە سەرجەم ناوچەكانی جیهان.

بەڵێنی ئەوەشیدا كە حكومەتەكەی پەنا بۆ دیبلۆماسیەت و “هەماهەنگی زیرەكانە” لەگەڵ جیهان دەبات بۆ پارێزگاری لە بەرژەوەندییە نیشتمانییەكانی كۆماری ئیسلامی و سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەكەشی بە سەركەوتوو و “هاوسەنگ” ناوبرد.

دوپاتیشیكردەوە، هاوشانی ستەملێكراوان دەبن لە فەڵەستین و سوریا و ئەوروپا و ئەفریقا و ئەمریكا و دەبنە دەنگی لاوازەكان. ئەوەشی وت، “پابەنددەبین بە بنەماكانی شۆڕشی ئیسلامی و كار لەسەر وشككردنی سەرچاوەكانی گەندەڵی دەكەین و پشتیوانی ئابوری و دراوی نیشتمانی دەكەین”.

سەرۆكی ئێران ئەوەشی خستەڕوو، هێزی وڵاتەكەی ئاسایش و سەقامگیری لەناوچەكەدا بەردەست دەخات و دەبێتە بەربەستێك بەڕووی هێزە خۆبەگەورەزانەكان، ئاماژەی بەوەشكرد كە پێویستە كێشە هەرێمایەتییەكان لەڕێی گفتوگۆوە لەنێو وڵاتانی هەرێمایەتی چارەسەربكرێت و، بڕوای خۆیشی نیشاندا بەوەی دەستێوەردانی بیانی لە ناوچەكەدا چارەسەری هیچ كێشەیەك ناكات، بەڵكو خودی خۆی كێشەیە.

جەختی لەسەر ئەوەشكردەوە، “دەستی هاوڕێیەتی بۆ سەرجەم وڵاتانی ناوچەكە درێژدەكەم و بەگەرمی پێشوازی لە دەستیان دەكەم”.

ڕێوڕەسمی سوێندخواردنەكە ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی گەورە بەرپرسانی ئێران و، سەدان شاندنی وڵاتانی جیهان و لەنێویاندا شاندی هەرێمی كوردستان و عێراق بەڕێوەچوو.

 

 

بابەتی پێشتر

هەڵمەتێكی نەمام چاندن و جوانكاری بۆ سلێمانی ئەنجامدەدرێت

بابەتی دواتر

بەفەرمی چیرۆکی مێسی لە بەرشلۆنە کۆتاییهات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share