هاوسەرۆكی یەكێتی ڕایدەگەیەنێت، گۆڕانکارییەکان بەردەوام دەبن و دەمانەوێت ژینگەیەکی لەبار و ئارام بۆ خەڵکەکەمان دەستەبەربکەین و دەشڵێت، “چیتر دەستەگەری و کارکردن لەپێناو بەرژەوەندیی شەخسی قبوڵ ناکەین”.
بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەبارەی گۆڕانکارییەکانی نێو یەکێتی ڕایگەیاند، هەر بڕیارێک درابێت لەپێناو چاکسازی و بەرژەوەندیی گشتیدا بووە و خەڵکی خۆشەویستی سنووری سلێمانی و هەرێمی کوردستان سوودمەندی یەکەم دەبن.
وتیشی، “گۆڕانکارییەکان بەردەوام دەبن و دەمانەوێت ژینگەیەکی لەبار و ئارام بۆ خەڵکەکەمان دەستەبەربکەین و خزمەتگوزاری زیاتر پێشکەشبکەین. هیچ کەسێک لەسەروو یاساوە نەبێت و هەمووان هەست بە ئارامی و سەلامەتی بکەن. پاراستنی بەرژەوەندییە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان بە ئەرکی خۆمان دەزانین و دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ هاووڵاتییان کاری لەپێشینەمان دەبێت”.
ئەو وتانەی بافڵ تاڵەبانی ئەمڕۆ لەمیانەی كۆبوونەوەیدا بوو بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی لەگەڵ ژمارەیەک سەرۆك عەشیرەت و کەسایەتی کۆمەڵایەتی.
بەپێی ڕاگەیەنراوێكی كۆبوونەوەكە بافڵ تاڵەبانی ڕوو لە سەرۆك عەشیرەت و كەسایەتییەكان ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، “وەکچۆن لە ڕابردوودا هاوکار و پشتیوانی یەکێتی بوون، داواتان لێدەکەین ئێستاش بەھەمان ڕۆحییەتەوە لەگەڵمان بن و پێکەوە هەنگاو بەرەو سەرکەوتن بنێین”. دڵنیاییشی دایە ئامادەبووان کە “چیتر دەستەگەری و کارکردن لەپێناو بەرژەوەندی شەخسی قبوڵ ناکەین. لێدان لە سەروەری یاسا و سیخوڕیکردن بەسەر کەسایەتییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان و خەڵکەوە بنبڕدەکەین و هیچ کەسێکیش نابوورین و ڕادەستی دادگای دەکەین”.
هاوسەرۆكی یەكێتی بەگرنگییەوە ڕۆڵی سەرۆک عەشیرەت و کەسایەتییە کۆمەڵاتییەکانی لە کۆمەڵگای کوردەواری بەرزنرخاند و رایگەیاند، یەکێتی بە ڕێزێکی زۆرەوە لە مێژووی خەبات و قوربانیدانی عەشیرەتەکانی کوردستان دەڕوانێت و ئەوان داینەمۆی شۆڕش و پێشەنگی گیانفیدایی بوون لەپێناو کوردستان و یەکێتییەکەی مام. ئێمە ئەو مێژووە درەوشاوەیەی ئێوە لەبیرناکەین و یەکێتی حیزبی ئێوەیە.
لای خۆیانەوە سەرۆک عەشیرەت و کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان ڕایانگەیاند، ئێمە لەڕابردوودا پشتیوانی یەکێتی و سەرۆک مام جەلال بووین، لەداهاتووشدا هەروا دەبین. داواکارین یەکێتی بە هەمان رۆحییەتی مام-ەوە بەردەوام بێت لە خەبات و لەناو خەڵکدا بێت. پشتیوانتان دەبین بۆ چاکسازی و هەمووان پێکەوە بە ئاراستەی ژیانێکی ئارام هەنگاو دەنێین و بەها باڵاکانی کوردەواری دەپارێزین.