بافڵ تاڵەبانی جینۆسایدی ئێزدییەكان بە برینێكی قوڵ لە ویژانی نەتەوەیی كورد وەسفدەكات، دووپاتیدەكاتەوە، دوور لە موزایەدە و ناكۆكی، خەمی شەنگال و ئێزدییەكان بخورێت، كار بۆ ژیانێکی شایستەی خەڵكەكەی بكرێت.
هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نیگەرانە لەوەی بەشێکی زۆر لە ئێزدییەكان هێشتا لە كامپەكاندا دەژین و هیچ هەوڵێکیش بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچەیە نەدراوە.
دووپاتیشی دەكاتەوە، حکومەتی عێراق لە هەوڵەکانی بەردەوام بێت بۆ قەرەبووکردنەوە و ئاساییکردنەوەی ژیان لە شەنگال و چیتر ئەو ناوچەیە نەبێتە مەیدانی ململانێ سیاسییەکان.
دەقی پەیامی بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی :
ئەمڕۆ بە خەمێکی قووڵەوە یادی داگیرکردنی شەنگال و جینۆسایدی ئەو خوشک و برا ئێزیدییانە دەکەینەوە، کە بۆ هەمیشە وەک برینێکی ساڕێژنەبوو لە ویژدانی نەتەوەییماندا دەمێنێتەوە، دروود بۆ ڕۆحی شەهیدان دەنێرین و هیوای گەڕانەوە بۆ ئەو خوشک و برایانە دەخوازین، کە تاوەکو ئێستا چارەنووسیان نادیارە.
ئەمڕۆ کە حەوت ساڵ بەسەر ئەو کارەساتە مێژووییەدا تێدەپەڕێت، بەداخەوە بەشێکی زۆر لە خوشک و براکانمان لە دۆخێکی خراپدا لە کەمپەکان و دوور لە زێدی خۆیان ژیان بەسەر دەبەن و هیچ هەوڵێکیش بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچەیە نەدراوە و سیمای ژیانی بۆ نەگەڕێنراوەتەوە، ئەمەش مایەی نیگەرانی ئێمەیە و پێویستە هەموومان پێکەوە دوور لە موزایەدە و ناکۆکی خەمی جددی شەنگال بخۆین و هەوڵەکانمان لەپێناو دابینکردنی ژیانێکی شایستە و ئارامی بۆ شەنگال و خەڵکە خۆشەویستەکەی چڕبکەینەوە.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئامادەی هەموو هاوکاری و پشتیوانییەکە بۆ بووژاندنەوەی شەنگال و بەجینۆسایدناساندنی ئەو تاوانە گەورەیە و بەدەنگەوەهاتنی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، دەبێت حکومەتی عێراق لە هەوڵەکانی بەردەوام بێت بۆ قەرەبووکردنەوە و ئاساییکردنەوەی ژیان لە شەنگال و چیتر ئەو ناوچەیە نەبێتە مەیدانی ململانێ سیاسییەکان.
سڵاو لە ڕۆحی پاکی شەهیدان و هیوای سەرفرازی بۆ خوشک و برایانی ئێزیدی و سەرجەم خەڵکی خۆشەویستی کوردستان.
بافڵ تاڵەبانی
هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان