ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان هۆشداری دەدات لە بەرزبوونەوەی مەترسی برسێتی لەماوەی سێ مانگی داهاتوودا لە 23 ناوچەی جیهاندا، لەوانەش هەرێمی تیگرای ئەسیوبی و یەمەن و باشووری سودان و مەدەغەشقەر و باكووری نەیجیریا.
ڕێكخراوی خۆراك و كشتوكاڵ و، بەرنامەی خۆراكی جیهانی لە ڕاپۆرتێكی نوێدا دەربارەی “ناوچە گەرمەكانی برسێتی” لەنێوان ئاب و تشرینی دووەمدا دەڵێن، “نەبوونی ئاسایشی خۆراك پێدەچێت قوڵتر ببێتەوە”.
ڕاپۆرتەكە هەرێمی تیگرای ئەسیوبی لە ترۆپكی لیستەكەدا داناوە و ڕونیدەكاتەوە، ژمارەی ئەو كەسانەی ڕوبەڕووی برسێتی و مردن دەبنەوە بۆ 401 هەزار كەس بەرزدەبێتەوە، كە بەرزترین ژمارەیە لە برسێتییەكەی ساڵی 2011ی سۆماڵەوە، ئەمەش ئەگەر بەپەلە هاریكاریی مرۆیی پێشكەش نەكرێت.
لە باشووری مەدەغەشقەریش، كە ڕوبەڕووی دژوارترین شەپۆلی وشكبوونەوە بووەتەوە لەماوەی چل ساڵی ڕابردوودا و ئەمەش كاریگەری لەسەر بەروبومە سەرەكییەكان و بەرزبوونەوەی نرخی ماددە خۆراكییەكان دروستكردووە، پێشبینی دەكرێت لەوێ 180 هەزار كەس تا ئەیلولی داهاتوو ڕوبەڕووی نەبوونی ئاسایشی خۆراكی كارەساتبار ببنەوە.
هەردوو ڕێكخراوەكە ئاماژە بۆ ئەوەشدەكەن كە ئەو ژمارەیە لەو وڵاتەی ئەفریقا پێشبینی دەكرێت بە گەیشتنە كۆتایی ئەمساڵ بگاتە دوو هێندە، بەهۆی ئەوەی 28 هەزار كەس پێویستییان بە هاریكاریی زۆر بەپەلە دەبێت.
پێشتر لە ڕاپۆرتێكدا كە لە ئایار بڵاوبووەوە، 16 ڕێكخراو كە لەنێوانیاندا (فاو) و بەرنامەی خۆراكی جیهانی هەبوون دەڵێن، لانیكەمی 155 ملیۆن كەس لە ساڵی 2020دا ڕوبەڕووی برسێتیی قورس بووەتەنەوە، لەنێویاندا 133 هەزار كەسیان پێویستیان بە خۆراكی بەپەلە بووە بۆ ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی مردن بەهۆی برسێتییەوە، بە زیادبوونی بڕی 20 ملیۆن بەراورد بە ساڵی 2019.
هەردوو ڕێكخراوەكە لە ڕاپۆرتەكەی ئەم دواییەیاندا كە دوێنێ هەینی بڵاویانكردەوە ئاشكرایدەكەن، “دیاردەی برسێتی تەنها لەڕووی ژمارە و قەبارەوە لە زیادبووندا نییە، بەڵكو لە گەورەیی و دژوارییەكەشیدایە”.
بۆیە داوای گرتنەبەری ڕێوشوێنی مرۆیی بەپەلەیان كرد بۆ ڕزگاركردنی گیانی خەڵك لە 23 ناوچەی گەرمدا، دوپاتیشیانكردەوە پێشكەشكردنی دەستی هاوكاری زۆر گرنگە بەشێوەیەكی زۆر تایبەت لە پێنج ناوچەیاندا بۆ ڕێگری لە مەترسییەكانی مردن بە برسێتی.
س: ئەلحوڕە