ئەنجومەنی وەزیران داهاتی ناوخۆ و دۆخی کۆرۆنا تاوتوێدەکات

ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیران كۆدەبێتەوە، پرسەكانی ڕێكخستنەوەی داهاتی ناوخۆ، دۆخی كۆرۆنا و پرسی چەكی بێمۆڵەت تاوتوێدەكات، باسیش لە کردنی هەردوو قەزای سۆران و زاخۆ بە ئیدارەی سەربەخۆ دەكرێت.

فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان تەوەرەكانی كۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی بڵاوكردەوە، سەرەتا ڕێکخستنەوەی داهاتە ناوخۆییەکان و هەنگاوە کردەییەکانی وەزارەتەکان تاوتوێ دەکات.

دواتر دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان لەڕووی هەڵکسانی کۆرۆنا و پێشکەشکردنی ڕاپۆرتێک سەبارەت بە دۆخی زیادبوونی بەرچاوی کەیسەکانی توشبوون بە ڤایرۆسەکە و بەرزبوونەوەی ژمارەی مردووان بەهۆی ئەم پەتایە، هەروەها ئەو ڕێکارانەی پێویستە بگیرێنە بەر بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە دەبێت.

لەم هەفتەیەدا زۆرترین ژمارەی توشبووانی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان تۆمارکرا و گەیشتە سەروو 3500 توشبوو، دوێنێش لیژنەی باڵای ڕوبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا ژمارەیەک ڕێکاری نوێی بۆ ڕێگریکردن لە هەڵکسانی زیاتری ئامارەکان ڕاگەیاند.

بەپێی ڕاگەیەندراوی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، پرسی کردنی هەردوو قەزای سۆران و زاخۆ بە ئیدارەی سەربەخۆ لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا تاوتوێدەکرێت.

هەروەها چەکی بیمۆڵەت و ئامادەکارییەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و دارایی بۆ دابینکردنی سوتەمەنیی پێویست بۆ هاوڵاتییان لە وەرزی سەرما، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت.

پێشتر بەرواری 18ی تەمموز، لەسەر ڕاسپاردەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت، هەردوو بەرێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیس و هاتوچۆی سلێمانی سەبارەت بە مامەڵەکردن لەگەڵ چەکی بێمۆڵەت بڕیاری یەک هەفتە مۆڵەتیاندا و لەئێستادا لە پارێزگای سلێمانی هەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنی چەکی بێمۆڵەت ماوەی سێ ڕۆژە دەستیپێکردووە.

 

 

بابەتی پێشتر

ئێران.. ناڕەزایەتی دژی نەبوونی ئاو و كارەبا ئەسفەهانیشی گرتەوە

بابەتی دواتر

دهۆك.. بەستنی ماسك بۆ هەموو كەسێك و لە هەموو شوێنەكان كرایە ناچاری

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share