توركیا و گروپە چەكدارەكان لە عەفرین بەردی كێلی گۆڕی شەهیدان دەدزن

ماوەیەكە توركیا و گروپە چەكدارە سورییەكانی هاوپەیمانی، لە عەفرین، دەستیانكردووە بە هەڵدانەوەی گۆڕی شەهیدان، ئێستاش بەردی كێلی گۆڕی شەهیدەكان دەدزن و دەیفرۆشنەوە، ئەمە سەرەڕای پێشتر ماڵی كوردانی ناوچەكەیان داگیركردووە و پرۆسەی گۆڕینی دیمۆگرافیای عەفرین و دەوروبەری بەردەوامیی هەیە.

لەو بارەیەوە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە، ئاشكرایكردووە، “چەتەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر گۆڕستانی گوندی شێخ ئۆرزە-یان تاڵانکردوە و بەردی گۆڕەکانیان دزیوە، چەتەکانی دەوڵەتی تورک، بەردی گۆڕەکان دەفرۆشن، یان بۆ باخچەى ماڵان بەکاریدەهێنن، ماڵەکانیش ماڵی هاوڵاتییانی عەفرینن، کە چەتەکانی دەوڵەتی تورک دەستیان بەسەرداگرتووە و لە خاوەنەکانیان زەوتکردووە”.

پێشتریش لە گۆڕستانی ئاڤێستا هەمان كار بەرامبەر بە گۆڕەكان كراوە، ئەوكات توركیا وایبڵاوكردەوە، كە گۆڕی بەكۆمەڵی كەسانی مەدەنیی دۆزیوەتەوە، كە لەلایەن پەیەدەوە كوژراون، بەڵام دواتر ڕاستییەكە دەركەوت، كە گۆڕی شەهیدانی پەیەدە و كوردانی مەدەنین، كە لەكاتی هێرشی توركیا و داگیركردنی عەفرین، شەهیدبوون.

ڕێكخراوەكە بەبیریهێناوەتەوە، “لە ئاداری 2018وە لە عەفرینی داگیرکراودا، هەموو شتێک لەلایەن دەوڵەتى تورکی داگیرکەر و چەتەکانیەوە تاڵاندەکرێن، ژێرخانی شارەکە، سەرچاوەکانی داهاتی ناوچەکە و کەسەکان بە شێوەی سیستماتیک تاڵاندەکرێن، دار زەیتونەکان دەبڕنەوە، یان دەیاندزن، بەروبوومی کشتوکاڵی و بە تایبەتی زەیتونی ناوچەکە تاڵاندەکەن، ئەمە جگە لەوەی دەستیان بەسەر سەدان هەزار زەوی، باخ و ڕەز و خانووی هاوڵاتییانی عەفریندا گرتووە، سەرباری ئەوانەش شوێنە مێژووییەکان تاڵان دەکەن و بە بیانووی جۆراوجۆرەوە سەرانە لە خەڵک دەستێنن”.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین، ڕاشیگەیاندوە: دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتەکانی، هاوکات لەگەڵ ئەوەى بە چڕی کار بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای عەفرین دەکەن، هەموو هێما و نیشانەکان و شوێنەوارەکانی گەلی کورد و گەلی عەفرین، گەلانی ناوچەکە لە عەفرین لە ناو دەبەن و دەیسڕنەوە.

 

بابەتی پێشتر

ماوەی کوژانەوەی پێوەری زیرەک کەمدەکرێتەوە

بابەتی دواتر

لە هەرێم 3559 توشبووی كۆرۆنا تۆماركران.. دوو پلە ماوە بۆ گەیشتن بە دۆخی سوور

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share