لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا كۆبووەوە و چەند بڕیارێكی دا، هانی هاوڵاتیان دەدات ڤاكسین وەربگرن و پابەندی ڕێكارەكانی خۆپارێزی بن.
لیژنە باڵاكە بڕیاریدا چالاکییە سیاسی، ئەدەبی، کۆمەڵایەتی و ئاینییەكان ڕابگیرێن، لە فەرمانگەكانیش بە هاوڵاتی و فەرمانبەرەوە پابەندی ڕێكار و ڕێنماییەكان بن.
دەقی گشتاندنی دوای كۆبوونەوەی لیژنە باڵاكە:
بۆ/ هەموو یەکە کارگێڕی و فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی
بابەت/ گشتاندن
ئەمڕۆ، لە دیوانی پارێزگای سلێمانی، لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا، بە سەرپەرشتیی د.هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی و بەئامادەبوونی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، کۆبۆوە، دۆخی نوێی کۆرۆنا لە پارێزگای سلێمانی هەڵسەنگێنرا و لەلایەن بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی و بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستی پارێزگای سلێمانییەوە، ڕوونکردنەوەی پێویست خرانە ڕوو، کە لە هەموویاندا ئاماژە بۆ مەترسیی بڵاوبوونەوەی زۆرو خێرای پەتای کۆرۆنا دەکەن، لە کۆتاییدا بڕیاردرا بە :
١- پێویستە هاوڵاتیان پابەندی تەواوی ڕێکار و ڕێنماییە تەندروستی و خۆپارێزییەکان بن، بەتایبەتی بەکارهێنانی ماسک و پاراستنی دووریی نێوانیان و دوورکەوتنەوە لە هەر بەریەککەوتن و کۆڕ و کۆبوونەوە و قەرەباڵغییەک.
٢- پێویستە هاوڵاتییان ڤاکسینی پێویست وەربگرن وەک ڕێگایەکی پەسەندکراوی نێودەوڵەتی بۆ سنووردارکردنی بڵاوبوونەوەی پەتاکە و دوورخستنەوەی مەترسیی مردن لە توشبووانی کۆرۆنا.
٣- پێویستە هەموو کارمەندانی فەرمانگە دەوڵەتیەکان و کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت پابەندی تەواوی ڕێکارە تەندروستی و خۆپارێزییەکان بن و ڕێگا بە هیچ هاووڵاتییەک نادرێت بەبێ پابەندبوون بەم ڕێکارانەوە سەردانی ئەم دامودەزگایانە بکات.
٤- پێویستە هەموو بۆنە و چالاکییە سیاسی و ئەدەبی و هونەری و ڕێکخراوەیی و کۆمەڵایەتی و ئاینی و هەر گردبوونەوەیەکی تر، کە دەبنە مایەی تێکەڵاوبوون و بەریەککەوتن، تا تێپەڕاندنی شەپۆلی نوێی کۆرۆنا، ڕابگیرێن.
٥- پێویستە دەزگاکان و دامەزراوەکانی ڕاگەیاندن وەک هەمیشە هاوکار و هەماهەنگ بن لە هەڵمەتی هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان بۆ پابەندبوون بە خۆپارێزی و بەکارهێنانی ڤاکسینی دژ بە پەتای کۆرۆنا.
٦- پارێزگای سلێمانی هاوکار و هەماهەنگیی تەواوی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی پارێزگای سلێمانی دەبێت بۆ زیادکردنی ژمارەی ئەوکەسانەی لە ڕۆژێکدا ڤاکسین وەردەگرن بۆ ڕێژەیەکی گونجاو.
د. هەڤاڵ ئەبوبەکر
پارێزگاری سلێمانی
سەرۆکی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا
٢٤/ ٧/ ٢٠٢١