نەتەوە یەكگرتووەكان داوا لە تاران دەكات لەبری “سەركوتكردنی خۆپیشاندانەكان”، گرفتی ئاو لە ناوچەكانی باشووری ڕۆژئاوای وڵاتەكە چارەسەر بكات.
چەند ڕۆژێكە لە ئەهواز و خوزستانی ئێران خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی بەردەوامە بەرامبەر كێشەی كەمئاوی و نەبوونی خزمەتگوزارییەكان، حكومەتی وڵاتەكەش سەرەڕای ناردنی بڕێكی كەم ئاو بۆ ناوچەكە، لە یەك دوو ڕۆژی ڕابردوودا هێزی ئەمنیی زیاتری ناردووە بۆ كۆنترۆڵكردنی دۆخەكە.
خۆپیشاندانەكان گرژی و پێكدادانی لێكەوتووەتەوە، تا ئێستا قسە لەسەر كوژرانی هەشت خۆپیشاندەرە، بۆیە دۆخەكە كاردانەوەی نێودەوڵەتیشی لێكەوتووەتەوە.
میشێل باشلێ كۆمسیاری ئاشتی بۆ مافەكانی مرۆڤ لە نەتەوە یەكگرتووەكان داوای لە ئێران كرد، “باشترە لە بری سەركوتكردنی خۆپیشاندانەكان، گرفتی كەمیی ئاو لەو ناوچانە چارەسەر بكات”.
كۆمسیارەكەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە ڕاگەیەندراوێكدا دووپاتیكردەوە، پێویستە حكومەتی ئێران چاوی لەسەر “ئەو قەیرانە ترسناكە بێت كە بەهۆی كەمئاوییەوە لەسەر ژیانی هاوڵاتییانی ئەهواز دروستبووە و كاریگەریی لەسەر تەندروستی و گەشەكردنیان داناوە”.
ئەو بەرپرسەی نەتەوە یەكگرتووەكان پێی وایە دۆخی ئێستای ئەو ناوچەیەی ئێران بەهۆی پشتگوێخستنی حكومەتی وڵاتەكەوە دروستبووە و “دۆخێكی كارەساتبار”ی خوڵقاندووە.
بۆیە پێی وایە، “تەقەكردن لە خۆپیشاندەران و دەستگیركردنیان، نایانگەیەنێت بە هیچ، جگە لە زیاتركردنی توڕەیی و بێهیوایی”، ئاشكراشیكردووە، بریندارەكان لەترسی دەستگیركردنیان ڕەتیانكردووەتەوە بچنە نەخۆشخانە.