چیرۆکی ئەو ئەفغانییانەی لەبەر برسێتی گورچیلەیان دەفرۆشن

بەهۆی خراپیی گوزەرانیان، بەشێک لە خەڵکی ئەفغانستان ناچارن لەنێوان ژیان بە یەک گورچیلەوە و لەبرسا مردن، هەڵبژاردن بکەن، لەکاتێکدا دوو بژاردەی لەو جۆرە بیرکردنەوەی زۆری ناوێت، لەبەرئەوە بەشێکی زۆری خەڵکی ئەو وڵاتە شوێنەواری دورینەوە لەلاتەنیشتیانەوە دەبینرێت، ئەمەش بەڵگەیە بۆئەوەی بەشێکی زۆریان هەڵبژارنی یەکەمیان کردووە و ڕوویانکردووەتە فرۆشتنی یەکێک لە گورچیلەکانیان.

ڕۆژنامەی ئێکسپرێسنی سویدی بەدواداچوونی بۆ ئەو دیاردەیە کردووە لە ئەفغانستان، ڕۆژنامەکە تەنها چاوپێکەوتنی لەگەڵ ئەو کەسانە نەکردووە کە گورچیلەیان فرۆشتووە، بەڵکو ئەو کەسانەشی دواندووە کە لە بازاڕی ڕەشدا و بێڕەحمانە کڕیاری گورچیلەی ئەو مرۆڤانەن.

یەکێک لە ناوەندەکانی فرۆشتنی گورچیلە، کامپی ساشانبە

کامپی ساشانبە، دەکەوێتە هەرێمی هیرات، لەو ناوچەیەدا خانووی گڵ و قوڕ دەبینرێت، خەڵکانی هەژاری تێدا دەژین و بەشێکی زۆریان یەکێک لە گورچیلەکانیان لەبەر برسێتی و هەژاری فرۆشتووە، لەو کامپەدا لەکۆی 120 خێزان، زیاتر لە 100 کەس دەبینیت کە گورچیلەیان فرۆشتووە.

ئەوانەی لە کامپەکەدا چیرۆکی فرۆشتنی گورچیلە دەگێڕنەوە باسلەوە دەکەن، کە یەکەم کەس لە کامپەکەدا گورچیلەی فرۆشتووە پیاوێکە بەناوی ئەحمەد محەمەدی و ڕۆژنامەکە چاوپێکەوتنی لەگەڵدا کردووە، ئەو گەورەی خێزانەکەیەتی، وەک نەریتی گەورەی ناو خێزانەکە بۆ پاراستنیان لە برسێتی، یەکێک لە گورچیلەکانی فرۆشتووە.

ئەحمەد بەر لە پێنج ساڵ گورچیلەی لە بازاڕی ڕەشدا فرۆشتووە، لەکاتێکدا خێزانەکەی ڕوبەڕووی برسێتییەکی زۆر بوونەتەوە و منداڵەکانی بەبێ خۆراک و بە گەدەی بەتاڵەوە نوستوون، قەرزێکی زۆری کردووە بۆ کڕینی نان و خۆراک بۆ خێزانەکەی، لەگەڵ کۆبوونەوەی بڕێکی زۆر قەرز لەسەری، خاوەن قەرزەکان هاتوونەتە ماڵەکەی و داوای مافی خۆیان کردووەتەوە، کاتێک نەیتوانیوە پارەکەیان بداتەوە، یەکێک لە کوڕەکانیان بردووە.

ئەحمەد بەدوای چارەسەرێکدا دەگەڕێت بۆ کێشەکەی تاوەکو بتوانێت قەرزی خاوەن قەرزەکانی بداتەوە، ڕۆژێک لەنزیک نەخۆشخانەی لوقمانی حەکیم لە هەرێمی هیرات، کە یەکەم نەخۆشخانەی چاندنی گورچیلەیە لە ئەفغانستان، لاپەڕەیەکی ئاگاداری دەبینێت.

ئەحمەد لەبەر ئەوەی هیچ خوێندەواری نەبووە نازانێت ئاگادارییەکە بخوێنێتەوە، بۆیە داوا لە کەسێک دەکات ناوەڕۆکی نوسراوەکەی بۆ بخوێنێتەوە، پێیدەڵێن ئەمە کەسێکە پێویستی بە گورچیلەیە، لەبەرامبەر گورچیلەکەدا بڕێک پارە دەدات بە کەسی بەخشەر.

ئەو کەسەی ئەحمەد گورچیلەکەی پێفرۆشتووە ناوی گول لالا-یە، ئەحمەد پەیوەندیی پێوەدەکات و دەڵێت کە قەرزێکی زۆری لەسەرە بۆیە دەیەوێت گورچیلەی بفرۆشێت.

ئەوان دەگەنە ڕێککەوتن بۆ دەرهێنانی گورچیلەی ئەحمەد، دوای نەشتەرگەری ئەحمەد بڕی 2700 دۆلار لەبری گورچیلە فرۆشراوەکەی وەردەگرێت، دوای دانەوەی ئەو قەرزانەی لەسەریەتی، ئەحمەد لەو پارەیە تەنها 170 دۆلاری بۆ دەمێنێتەوە.

ئەحمەد تەمەنی 42 ساڵە، دوای دەرهێنانی گورچیلەی دەبێت هەموو مانگێک سەردانی پزیشک بکات، بەڵام لەبەرئەوەی هیچ پارەیەکی نییە بۆیە ناچێتە نەخۆشخانە، کاتێک دەیەوێت بخەوێن دەبێت هەموو ئەندامانی خێزانەکەی بەبێدەنگ و بەبێ جوڵە بمێننەوە لەبەر ئازاری زۆری ئەحمەد تاکاتێک خەویلێدەکەوێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئەحمەد ئێستا لەدۆخی هەژاریدایە.

هاوسەرەکەی ئەحمەدیش گورچیلەیەکی فرۆشتووە

هاوسەرەکەی ئەحمەد ناوی بیبی گول-ە، بەر لە دوو ساڵ ئەویش بەهەمانشێوە یەکێک لە گورچیلەکانی فرۆشتووە، لەگەڵ ئەوەشدا دووگیان بووە، دەڵێت لەدایکبوونی منداڵەکەم ئازارێکی زۆریدام، ئێستاش تەندروستیی خراپە ناتوانێت هیچ شتێکی قورس هەڵبگرێت، تەنانەت دەبەیەکی بچوکیش ئاو.

بیبی گولی هاوسەری ئەحمەد بەهەمانشێوە ناتوانێت سەردانی پزیشک بکات بەهۆی هەژاری و نەبوونی هیچ بڕە پارەیەک.

بیبی ئێستاش کاری شتنی فەرش و بەتانی دەکات، ڕۆژانە لە بەرامبەر دۆلارێک یان دوو دۆلار، وەک خۆی دەڵێت ئەو بڕە پارەیە بەشی خۆراکی ڕۆژانەی خێزانەکەی ناکات.

کڕیاری گورچیلەکەی گول ژنێک و کوڕەکەی بوون، کە لە کابوڵەوە هاتبوون و پێویستییان بە گورچیلەیەک هەبووە بۆ کوڕەکەیان، گول بەهەمان نرخی هاوسەرەکەی گورچیلەیەکی فرۆشتووە، بەڵام ئەو پارەیەش لە کڕینی خۆراک و دانەوەی قەرزی خێزانەکەدا تەواوبووە.

منداڵەکانی خێزانەکەش گورچیلەیان فرۆشتووە

بچوکترین ئەندامی خێزانەکەی ئەحمەد کە گورچیلەی فرۆشتووە کچەکەیەتی بەناوی بیری گول، کە بەتەواوی دڵنیانین تەمەنی چەندە، وەک خۆی دەڵێت ڕەنگە تەمەنی تەنها 20 بەهار بێت.

بیری گول لە دۆخێکی سەختی ژیاندایە، کاتێک تەمەنی تەنها 15 ساڵبووە هاوسەرگیریی کردووە، لەهێرشێکی موشەکیدا هاوسەرەکەی بریندار دەبێت و گیانلەدەستدەدات.

ئەو کڕیارەی گورچیلەی بیری کڕیوە لە کابوڵەوە هاتووە و بڕی 4400 دۆلاری لەبەرامبەر گورچیلەکەی بیری داوە، ئەو بڕە پارەیە لە چاودێریکردنی تەندروستیی هاوسەرەکەیدا لە نەخۆشخانە خەرجدەکات، لەگەڵ ئەوەشدا دوای ماوەیەک هاوسەرەکەی گیانیلەدەستداوە.

“کوڕەکەم بمردایە لەوەباشتربوو گورچیلەی بفرۆشێت”

لە کامپەکەدا ماڵی برایەکی ئەحمەد دەژین، کوڕێکیان هەیە کە لەوێ پێی دەڵێن “شێت”، ناوی محەمەد شا-یە، ئەو بە زگماک نەخۆشیی ئیفلیجیی مێشکی هەیە، کاتێک پێویستی بە سەردانی بەردەوامی نەخۆشخانە دەبێت خێزانەکەی هیچ بڕە پارەیەکیان نەبووە، ناچاربوون یەکێک لە گورچیلەکانی محەمەدیان فرۆشتووە.

سەرجەم پارەی گورچیلە دەرهێنراوەکەی محەمەد لە سەردانی پزیشک و چارەسەردا بۆی بەکارهاتووە، بەڵام ئێستا هیچ پارەیەکیان نەماوە و محەمەد کە تەمەنی 35 ساڵە ئازاری توند و تەندروستیی خراپ تەواو لاوازی کردووە، دایکی دەڵێت، “خۆزگە کوڕەکەم بمردایە و گورچیلەیمان دەرنەهێنایە”.

بابەتی پێشتر

كەركوك.. یەكەم حاڵەتی گیانلەدەستدان بە كەڕووی ڕەش تۆماركرا

بابەتی دواتر

عێراق دووەم خراپترین وڵاتی جیهانە لە سوتانی گازدا

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

حکومەتی عێراق بەکارهێنانی دەمامکی لەسەرجەم دامودەزگا حکومییەکاندا کرد بە ناچاری

وتەبێژی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە 2ی شوبات ڕایگەیاند ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریداوە بەکارهێنانی دەمامک لەسەرجەم دامودەزگاکانی حکومەتدا بکرێت…
Total
0
Share