ئاژانسی پاراستن و زانیاری: هەركەس تێوەگلابێت له‌ تاوان و كاری نایاسایی دەستگیردەكرێت

وته‌بێژی سه‌رۆكی ئاژانسی پاراستن و زانیاری / زانیاری ڕایدەگەیەنێت، ڕێگه‌ ناده‌ن ناوی ئاژانس بۆ مه‌رام و به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌تی هیچ كه‌سێك به‌كاربێت، به‌ڵێنێش دەدات هه‌ركه‌سێك له‌ هه‌ر پله‌ و پایه‌یه‌كدا بووبێت تێوه‌گلابێت له‌ تاوان و كاری نایاسایی، ده‌ستگیر ده‌كرێت و ڕاپێچی به‌رده‌م یاسا ده‌كرێت.

لە ڕوونكردنەوەیەكدا وته‌بێژی سه‌رۆكی ئاژانسی پاراستن و زانیاری / زانیاری ئاماژەی بەوەكردووە، “دابینكردنی سه‌قامگیری و ئاسایش و ڕوبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كان، پرۆسه‌یه‌كی هه‌واڵگریی ورده‌ و به‌ نهێنی و به‌شێوه‌ی به‌رده‌وام به‌ڕێوه‌ ده‌چێت‌، به‌ڵام چه‌ند ڕۆژێكه‌ له‌ په‌راوێزی هه‌ندێ پێشهات، هه‌ڵمه‌تێكی میدیایی له‌ دژی پرۆسه‌كانی سه‌قامگیری و ئاسایش ده‌ستی پێكردووه‌”.

باسلەوەشكراوە، “هه‌ندێ لایه‌ن به‌ مه‌رامی زیان گه‌یاندن به‌ ناوبانگی ئاژانسی پاراستن و زانیاری / زانیاری و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی دژه‌ تیرۆری سه‌ر به‌ ئاژانس، هه‌واڵی بێ بنه‌ما له‌سه‌ر ئه‌فسه‌ر و كارمه‌ندانی ئه‌م ده‌زگا تێكۆشه‌ره‌ بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌ و ده‌یانلكێنن به‌ هه‌ندێك كاری نه‌كراوه‌وه”‌.

لەبەشێكی دیكەی ڕاگەیەندراوەكە هاتووە، “ئه‌وه‌ دووپات ده‌كه‌ینه‌وه‌‌ كه‌ ئاژانسی پاراستن و زانیاری / زانیاری، خاوه‌نی ناوبانگی نیشتمانی و كوردستانییه‌، جێده‌ستی له‌ پاراستنی ئه‌زموونی حوكمڕانیی هه‌رێم و ڕوبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كانی تیرۆر و سیخوڕی و تاواندا به‌رجه‌سته‌ و باڵایه‌، كادر و كارمه‌ندانی ئاژانس و له‌ ناویشیاندا پێشمه‌رگه‌ گیان له‌سه‌رده‌سته‌كانی دژه‌ تیرۆر، قاڵبووی خه‌باتی نیشتمانی و په‌روه‌رده‌كراوی دیسپلینی سه‌ربازین، پابه‌ندن به‌ یاسا به‌ركاره‌كانی په‌رله‌مان و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ چوارچێوه‌ی مافه‌كانی مرۆڤ و ئیتیكی پیشه‌ییدا ڕه‌فتار ده‌كه‌ن و ته‌نها ڕێپێدراون ئه‌و ئه‌رك و فه‌رمانانه‌ جێبه‌جێ بكه‌ن، كه‌ ئاژانسی پاراستن و زانیاری / زانیاری له‌ پێناو دابینكردنی ئاسایشی نیشتمانیی هه‌رێمی كوردستان پێیان ده‌سپێرێت”.

وته‌بێژی سه‌رۆكی ئاژانسی پاراستن و زانیاری / زانیاری ڕاشیگەیاندووە، “له‌م سۆنگه‌یه‌وه‌، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی دژه‌ تیرۆر، به‌شێكه‌ له‌ شانازییه‌كی مێژوویی و به‌رده‌وامی گه‌لی كوردستان، به‌شدارێكی به‌هێزی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تییه‌ دژ به‌ تیرۆر، ڕۆڵی به‌رچاوی هه‌بووه‌ له‌ سه‌رخستنی جه‌نگی جیهانیی دژ به‌ تیرۆر و له‌ پێناو پاراستنی دیموكراسی و ئازادی و ئارامیی و مرۆڤایه‌تی قوربانیی داوه‌، و به‌ خوێنی شه‌هید و بریندار و شاره‌زایی و پشوودرێژیی ئه‌فسه‌ره‌كانی، سه‌دان نه‌به‌ردی مێژوویی پڕ شانازی بۆ گه‌له‌كه‌مان تۆمار كردووه”‌.

ئەوەشهاتووە، “به‌م ڕوونكردنه‌وه‌یه ئه‌وه‌ ڕاده‌گه‌یه‌نین، كه‌ ‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌سه‌ر گومانه‌كانی خراپ به‌كارهێنانی ده‌سه‌ڵات، یه‌كێكه‌ له‌ ئه‌ركه له‌ پێشینه‌كانی ‌ئاژانسی پاراستن و زانیاری / زانیاری‌ ، دڵنیابن ڕێگه‌ ناده‌ین ناوی ئاژانس بۆ مه‌رام و به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌تی هیچ كه‌سێك به‌كاربێت.

به‌ڵێنیش دەدات، هه‌ركه‌سێك له‌ هه‌ر پله‌ و پایه‌یه‌كدا بووبێت تێوه‌گلابێت له‌ تاوان و كاری نایاسایی، ده‌ستگیر ده‌كرێت و ڕاپێچی به‌رده‌م یاسا ده‌كرێت و ڕای گشتییش له‌ ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌ و سزادانی‌‌ ئاگادار ده‌كرێته‌وه‌.

هاوكات ڕێكاری یاسایی ده‌گیرێته‌ به‌ر به‌رامبه‌ر هه‌ر كه‌س و لایه‌نێك كه‌ بیه‌وێت به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵی بێ بنه‌ما، ئه‌رك و ماندوبوونی ئه‌فسه‌رانی دەزگاكە بخاته‌ ژێر پرسیار و گێره‌شێوێنی بكات تا ناو و ناوبانگیان بزڕێنێت.

بابەتی پێشتر

فوئاد حسێن پێویستی عێراقی بە ئەمریکا دووپاتکردەوە

بابەتی دواتر

كۆشكی سپی تەوەرەكانی كۆبوونەوەی نێوان كازمی و بایدنی ئاشكراكرد

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بەهای دۆلار بەرزبووەوە

ئێوارەی ئەمڕۆ لە كاتی داخستنی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو، بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار بەرزبووەوە و 100 دۆلار بە…
Total
0
Share