دوای تەقینەوەکەی ناوچەی سەدر لە بەغداد، ڕای گشتیی عێراقی بەو ئاڕاستەیە جوڵاوە، ئەم ڕووداوانە بە “پەیامی سیاسی” ناوببەن و دووبارەبوونەوەشی تا کاتی هەڵبژاردنەکان بە ئەگەرێکی بەهێز دادەنێن.
بەشێکی زۆر لەوانەی کار لەسەر هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکەن، پێیانوایە ئەم خولەی هەڵبژاردن قورسترین هەڵبژاردن دەبێت بەراورد بە سەرجەم هەڵبژاردنەکانی دیکە لەدوای ساڵی 2003وە، بەپێی بۆچوونەکان، سیناریۆی زۆر جیاواز و چاوەڕواننەکراو لەخۆدەگرێت.
هێزە سەرەکییەکانی عێراق سوورن لەسەر ئەوەی بە بوونی چاودێریی نێودەوڵەتی هەڵبژاردنەکان لەکاتی خۆیدا (10/10/2021) بەڕێوەبچێت، بەتایبەت باڵی سیاسیی گروپە چەکدارە شیعییەکان، چونكە پێیان وایە هەڵبژاردنی داهاتوو هەلی ئەوەیان پێدەدات ژمارەی لایەنگران و نوێنەرایەتیشیان لەهەردوو دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن زیادبکات، ئەمە جگە لە خواستی زۆریان بۆ کۆتاییهاتن بە ویلایەتی “ڕكابەرە سەرسەختەكەیان”، مستەفا کازمی.
سەرکردە شیعییەکانی نزیک لە ئێران بەڕێگای جیاواز مامەڵە لەگەڵ کازمی دەکەن، لەگەڵ ئەوەی دەبینن کە زیان بە پرۆژەی “حەشدی شەعبی” و ئەو گروپە چەکدارانەی لە ئێران نزیکن دەگەیەنێت، بەڵام دەیانەوێت تا بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان ئارامبگرن و مامەڵە لەگەڵ سەرۆکایەتییەکەیدا بکەن.
خودی کازمیش باش ئەوە دەزانێت کە تەنها بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان سەرۆک وەزیرانە، بەڵام دەیەوێت ڕێگری بکات لە گروپە چەکدارە لەیاسادەرچووەکان کۆنترۆڵی دەوڵەت و دامودەزگاکانی بکەن.
بەڵام لەدوایین هەنگاویدا کازمی ڕێگایەکی جیاوازتر لە پێشووی بەکارهێنا، ئەویش دوای ئەوەی ناوی بکوژی هیشام هاشمی و ناسنامەکەی ئاشکراکرد، بەڵام ناوی ئەو لایەنەی نەبرد کە لەپشت تاوانەكەوە بوون، لەکاتێکدا بکوژەکە لە دانپێدانانەکانیدا باسی لەو ناوچەیە کرد کە کاریان تێداکردووە، لەناوچەی (البوعيثة)، کە ناوەندی چالاکییەکانی گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێرانە.
لەناو ئەم کەشوهەوا ئەمنییەدا، ڕێکارە سیاسی و لۆجیستییەکان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان بەردەوامن.
هەڵبژاردنی تشرینی یەکەم ڕێگایەکی درێژ دەبێت و گۆرانکاریی گەورەی سیاسی و کۆمەڵایەتی دروستدەکات، کاریگەریی لەسەر بڕیارە سیاسییە گرنگەکانیش دادەنێت.
چالاکوانانی عێراقی دەڵێن، هەڵبژاردنەکان بایکۆت دەکەن بەئامانجی ئەوەی لە دۆخێکی ئەمنیی جێگیرتر و ئارامییەکی زیاتردا هەڵبژاردنەکان ئەنجامبدرێن، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ ڕێگریکردن لە گروپە چەکدارەکان لە بەدەستهێنانی کورسی زیاتر لەناو دەسەڵاتی یاساداناندا، بەڵام ئەو هەڵوێستە بۆ بایكۆت و دواخستن، تەنها لەناو خۆپیشاندەران، چالاكوانان و خەڵکدا ماوەتەوە و کاریگەری ناکاتە سەر ناوەندەکانی بڕیار و هێزە سیاسییە گەورەکان.
لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا گروپە چەکدارەکان چەندین کۆبوونەوەی هاوبەشیان سەبارەت بە گۆڕانکارییەکان كردووە و هەوڵی دروستکردنی هاوپەیمانییان داوە بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا، وەک ڕێگایەک بۆ کۆتاییهێنان بە کێبڕکێکار و كاندیدە سەربەخۆکان، کە جەماوەر لە دەرەوەی وتاری سیاسی بەلای خۆیاندا ڕادەکێشن.
لەگەڵ بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکان لەلایەن چالاکوانانەوە، چاوەڕێناکرێت زیاتر 40%ی دەنگدەران بەشداری هەڵبژاردنەکان بکەن.
لەگەڵ ئەوەشدا کشانەوەی موقتەدا سەدر لە هەڵبژاردنەکان دەتوانێت پاشەکشە بە ئاماجی “بزوتنەوەی تشرین” بهێنێت بۆ دواخستنی هەڵبژاردن و بایكۆتكردنی، لەکاتێکدا سەدر دەتوانێت نزیکەی 100 کورسی پەرلەمانی بەدەستبهێنێت، بەڵام کشانەوەی لە هەڵبژاردنەکان ڕاگەیاندووە، هەرچەندە هیچ یەکێک لەکاندیدەکانی تائێستا نەکشاونەتەوە و کۆمسیۆنیش ڕایگەیاندووە، ماوەی کشانەوە کۆتاییهاتووە.
هەنگاوەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردن وەک هەرکاتێکی ئاسایی جێبەجێ دەکرێن، لەئەگەری سەرکەوتن یان شکستی هەر لایەنێکدا، ئاڵۆزییەکانی وڵات زیاتر هەڵدەکشێن، هەروەها لەئەگەری سەرکەوتنی گروپە چەکدارەکانیشدا، خەڵکی خۆپیشاندەر و ناڕازی بەردەوامدەبن لەسەر خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان، بەڵام لە ئەگەری سەرنەکەوتن و شکستی گروپە چەکدارەکاندا ئاڵۆزییەکان لە وڵاتدا دەگەنە ئاستێک کە پێشتر نەبووە، ئەگەری هەیە تانە لە کۆی پرۆسەی هەڵبژاردنەکان بدەن و هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی بدەن.