ڕێكخەرانی كەرنەڤاڵی ڕیۆ دی جانیرۆ ڕایانگەیاند، كەرنەڤاڵەكەیان لە ساڵی داهاتوودا ئەنجام نادرێت و دوا دەخرێت بۆ كاتێكی دیكە، هۆكارەكەشیان بۆ نەبوونی پارە و كات بۆ خۆ ئامادەكردن گەڕاندووەتەوە.
جۆرجی كاستانیرا، سەرۆكی ڕایەڵەی سەربەخۆی قوتابخانەكانی سامبا لە ڕیۆ دی جانیرۆ ئەمڕۆ یەكشەممە 27ی ئەیلول لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، “گەیشتینە دەرئەنجامێك كە پێویستە كەرنەڤاڵەكە دوابخەین”.
بڕیاربوو لە مانگی شوباتی ساڵی داهاتوو، ئەو كەرنەڤاڵە كە ناوبانگێكی جیهانی هەیە بەڕێوەبچێت، بەڵام جۆرجی كاستانیرا ئاماژەی بەوەكرد، “زۆر بە ئاسانی پێتان ڕادەگەیەنم كە لەو كاتەدا بەڕێوەناچێت لەبەر ئەوەی خوێندنگاكانی سامبا كاتی تەواویان بۆ خۆئامادەكردن لەبەردەستدا نییە، لەگەڵ نەبوونی پارە بۆ ئەنجامدانی”.
بەڵام تا ئێستا ئاشكرا نەكراوە ئەو كەرنەڤاڵە بۆ چ كاتێك دوا دەخرێت، كە بە ڕوداوێكی هونەریی گەورە هەژمار دەكرێت و ساڵانە بە ملیۆنان گەشتیار لە ناوخۆی بەڕازیل و جیهانەوە ڕوو لە ڕیۆ دی جانیرۆ دەكەن بەو هۆیەوە.
یەتای كۆرۆنا زیانی بە لایەنی گەشتیاری و ئابوریی زۆرێك لە وڵاتان گەیاندووە، بەشێكی زۆری فێستیڤاڵ و كەرنەڤاڵە جیهانییەكان بەهۆی ئەو پەتایەوە دواخراون بۆ كاتێكی نادیار.