شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق ئاماری فەرمیی قوربانییانی ناوچەی سەدری لە بەغداد ڕاگەیاند، 80 كەس بوونەتە قوربانی.
شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق ڕاگەیەندراوێكی لەبارەی كردەوە تیرۆریستییەكەی دوێنێی ناوچەی سەدری بەغدادی بڵاوكردەوە، ئاشكرایكردووە، ئاماری كۆتایی قوربانییانی تەقینەوەكە 30 كوژراو و 50 بریندارن.
شانەی ئەمنی ئاشكراشیكردووە، تەقینەوەكە خۆكوژی بووە و لەڕێگەی پشتێنەی بۆمبڕێژكراوەوە ئەنجامدراوە.
چەکدارانی داعش بەرپرسیارێتی خۆیان لە تەقینەوەکەی ئێوارەی دوێنێی ناوچەی سەدر ڕاگەیاند و سەرۆک وەزیرانی عێراقیش هەڕەشە لەو ئەندامانەی هێزە ئەمنییەکان دەکات، کە کەمتەرخەمبوون و بوونەتە هۆی ڕوودانی تەقینەوەکە.
نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاشکرایکرد، مستەفا کازمی سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی ئەمنی کردووە و ڕایگەیاندووە، “تیرۆریستان نەیانتوانیوە زەفەر بە هێزە ئەمنییەکان بەرن، بەڵام حەقی خۆیان لە خەڵکی بێتاوان کردەوە”.