وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاشكرایكرد، لەگەڵ ئەمریكا ڕێككەوتوون بۆ ئاڵوگۆڕپێكردنی زیندانییان.
سەعید خەتیبزادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە تویتێكدا ڕەخنەی لە لێدوانەكانی نێد پرایس هاوتا ئەمریكییەكەی گرت، كە ڕەتیكردبووەوە واشنتن و تاران هیچ ڕێككەوتنێكیان لەبارەی ئاڵوگۆڕپێكردنی زیندانیانی نێوانیان ئەنجامدابێت، ڕەتكردنەوەكەی ئەمریكای بە كارێكی “ئابڕوبەرانە” وەسفكردووە.
خەتیبزادە لە تویتەكەیدا دەڵێت، تەنانەت لەسەر چۆنێتیی ڕاگەیاندنی ڕێككەوتنەكەش ڕێككەوتوون، زانیاریی زیاتریشی ئاشكراكردووە، دەڵێت، لە ڤیەننا و جیا لە گفتوگۆ لەبارەی ڕێككەوتنە ئەتۆمییەكە، ئێران لەگەڵ ئەمریكا و بەریتانیا ڕێككەوتووە لەسەر ئاڵوگۆڕپێكردنی 10 زیندانیی نێوان هەرسێ وڵاتەكە.
وتەبێژەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران تەنانەت ئامادەیی وڵاتەكەی نیشاندەوە هەر لەمڕۆوە دەست بە جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكە بكات.