مێزگردی پاڵێوراوانی جێگری سەرۆكی ئەمریكا ئارام بەڕێوەچوو

پێچەوانەی مێزگردەكەی نێوان ترەمپ و بایدن، مێزگردی پاڵێوراوان بۆ جێگری سەرۆكی ئەمریكا بە ئارامی بەڕێوەچوو سەرەڕای یەكتر تۆمەتباركردن بە دۆسییەكانی وەك كۆرۆنا و ئابوری و چین.

مێزگردەكە شەوی ڕابردوو چوارشەممە 7ی تشرینی یەكەم لەنێوان كاماڵا هاریس، كە لەلایەن جۆ بایدن-ی كاندیدی دیموكراتەكان بۆ جێگری سەرۆكی ئەمریكا دیاریكراوە و مایك پێنس-ی جێگری ئێستای سەرۆكی ئەمریكا و كاندیدی دۆناڵد ترەمپ و كۆمارییەكان بۆ هەمان پۆستی ئێستای، بەڕێوەچوو.

هاریس لە دەستپێكی وتەكانیدا ئیدارەی ئێستای ترامپ-ی ئیدانەكرد بەهۆی جۆری مامەڵەی لەگەڵ ڤایرۆسی كۆرۆنا و بە “گەورەترین شكست” لە مێژووی ئەمریكا ناویبرد.

هاریس لە مێزگردەكەدا وتی، “ئەمریكییەكان شایەتحاڵن لەسەر گەورەترین شكستی ئیدارەیەكی سەرۆكایەتی لە مێژووی وڵاتەكەماندا”.

لە بەرامبەردا پێنس، هارێسی تۆمەتباركرد بە “شێواندنی متمانەی”ی ئەمریكییەكان دەربارەی ڤاكسینێكی پێشبینیكراو دژ بە ڤایرۆسی كۆرۆنا.

پێنس بەرامبەر هاریس وتی، “تۆ درێژەدەدەیت بە شێواندنی متمانەی جەماوەر بە ڤاكسینێك، ئەگەر ڤاكسینەكە لەمیانەی ئیدارەی ترەمپدا بەرهەمبهێنرێت، ئەمەش كارێكی نەگونجاوە”.

لێدوانەكەی پێنس وەڵامدانەوەبوو بۆ قسەیەكی هاریس لەمیانەی مێزگردێك كە لەلایەن شاری سۆلت لایك سیتی-یەوە میوانداری كرا و تیایدا وتی، هیچ ڤاكسینێكی دژ بە ڤایرۆسەكە بەكارناهێنێت ئەگەر ترەمپ پێشنیاری بكات.

سیناتۆرەكەی ویلایەتی كالیفۆڕنیا، كە یەكەم ئافرەتی ڕەشپێستە بۆ ئەو پۆستە كاندید بكرێت، وتی، “ئەگەر پزیشكان پێیان وتین پێویستە ڤاكسینەكە بەكاربهێنین، دەبمە یەكەم كەس كە لە ڕیزی بەكارهێنانیدا بوەستم، بەڵام ئەگەر ترەمپ پێمان بڵێت پێویستە بەكاریبهێنین، بەكاریناهێنم”.

بە پێچەوانەی مێزگردی یەكەمی نێوان ترەمپ و بایدن كە هەفتەی ڕابردوو بەڕێوەچوو و تیایدا ئاژاوە و جوێن و چەند جارێك قسەبڕین بەیەكتری تیا ڕویدا، مێزگردەكەی نێوان پێنس و هاریس زیاتر شارستانی و هێمنتر و ڕێزلێگیراوتر بوو.

سەرەڕای ئەوەی جێگری سەرۆكە كۆمارییەكە و سیناتۆرە دیموكراتییەكە لە مێزگردەكەیاندا چەند جارێك قسەیان بە یەكتری بڕی، بەڵام چەندین جار دەستەواژەی سوپاس و پێزانینیان بۆ یەكتر دەربڕی، جگە لە گوێگرتنیان لە یەكتر.

پێنس بە هارێس-ی وت، “دەمەوێت پیرۆزبایت لێبكەم، وەك چۆن لەڕێی تەلەفۆنەوە كردم، لەسەر پاڵاوتنە مێژووییەكەت”، ئەوەشی وت، “ڕێز لەوە دەگرم كە جۆ بایدن 47 ساڵی ژیانی بۆ خزمەتی وڵات تەرخانكرد. ڕێز لە كاروانی پیشەییشت لە وەزیفەی گشتیدا دەگرم”.

لە بەرامبەردا هارێس بە وشەی “سوپاس” وەڵامیدایەوە.

بڕیارە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەمریكا ڕۆژی سێشەممە 3ی تشرینی دووەمی 2020 بەڕێوەبچێت.

لە ویلایەتە یەكگرتووەكاندا، جیاواز لە وڵاتانی تری جیهان، تەنها دوو پارتی سەرەكی لەلایەن زۆرینەی دەنگدەرانەوە گرنگییان پێدەدرێت، كە ئەوانیش دیموكرات و كۆمارییەكانن.

 

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان: کۆبوونەوەی ئەمڕۆ تەنها سەرۆکایەتییەکانە و ڕاوێژکاریی دەبێت

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە 15ی تشرینی دووەم ڕایگەیاند کە سەرۆکایەتییەکانی هەرێم کۆدەبنەوە و کۆبوونەوەکە ڕاوێژکارییە و تەنها…
زیاتر ببینە

نێردەی ئەمریکا بۆ سوریا: لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ پێشهاتەکانی گەڕەکی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود دەکەین

نێردەی ئەمریکا بۆ سوریا پەیامێکی لەبارەی گرژی و ئاڵۆزییەکانی حەلەب و هێرشکردنە سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی ئەو شارە، بڵاوکردەوە.…
Total
0
Share