ئەمڕۆ هەینی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەگەڵ قائیمقامی قەزا و یەکە کارگێڕییەکانی پارێزگای سلێمانی کۆبوویەوە و ڕایگەیاند، ئەوان پشتگیری کەسانی دڵسۆز دەکەن، لەگەڵ ئەوەش گەندەڵکاران سزای خۆیان وەردەگرن.
قوباد تاڵەبانی لە کۆبوونەوەکەدا ڕایگەیاندووە، ” ئەرکی سەرەکی فەرمانگە حکومییەکان خزمەتکردنە و کاری جدی دەکەین بۆ گەیاندن و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بەھاوڵاتیان و جێبەجێکردنی پڕۆژەکان لە سنوری پارێزگای سلێمانی”.
سەبارەت بە گۆڕانکارییەکان، قوباد تاڵەبانی، جێگیری سەرۆکی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، ” ئامانج لە گۆڕانکارییەکان بۆ باشتر بەڕێوەچونی کارەکانی حکومەت و خزمەتکردنی زیاتری ھاوڵاتیانی سنوری پارێزگای سلێمانییە،هاوکات قورسترین سزای ئەو کەسانە دەدرێت کە تێوەبگلێن لەگەندەڵی و پۆست و پێگەکانیان بۆ مەرامی تایبەتی بەکاربھێنن و دڵسۆز نەبن لە جێبەجێکردنی ئەو ئەرکەی کە پێیان سپێردراوە”.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا جێگری سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەشکردووە، ” بەھیچ جۆرێک رێگە بە ھێزە ئەمنییەکان نادرێت دەستێوەردان لە کاروباری بازاڕ و سیاسەت و بژێوی ژیانی خەڵکدا بکەن، تەنیا ئامانج لەم بڕیار و گۆڕانکارییانە خزمەتکردنی زیاتری ھاوڵاتیان و جێبەجێکردنی ئەرکی دامەزراوەکانی حکومەتە لە ئاستێکی باش و پێویستدا لە بەرامبەر خەڵک و ڕێگریکردن لەھەر ھەڵە و کەموکورتییەک کە زیان بە ژیان و کاسبی خەڵک بگەیەنێت”.